کوردستان؛ گیانلەدەستدانی لانیکەم ١٥ هاوڵاتی کورد لەماوەی دوو ڕۆژدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم

لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ڕۆژانی پێنجشەممە و جومعە ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لانیکەم ١٥ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی «ئاکۆ محەمەدی، سەلام میرانی، ئەمیرعەلی حەیدەری، نەوید ساڵحی، بەیات سوبحانی، سەجاد فەیزی، محەمەد جەعفەری، عیرفان جامەشورانی، ئیبراهیم ئەحمەدپووریان، بورهان سەیدی، عەلیڕەزا سەیدی، محەممەد زەمانی، موبین فەیلی، دیار پورچهریق و هۆلاکۆ ئایوانی» لە شارەکانی قشم، کرماشان، زەڕنە، تاران و ئیسلام ئاوای غەرب بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان بەختکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژانی پێنجشەممە و جومعە ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لانیکەم ١٥ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی قشم، کرماشان، ئیسلام ئاوای غەرب، زەڕنە و تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانیان بەختکردووە. بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، ئاکۆ محەممەدی، هاووڵاتی خەڵکی سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان و دانیشتووی شاری قشم، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد و ناوەندەکانی ڕژیم بۆ ڕادەستکردنی تەرمەکەی داوای یەک ملیارد تمەنیان کردووە.

هەر لەم ڕۆژەدا، سەلام میرانی، هاووڵاتی خەڵکی گوندی چەشمیدەر سەر بە شاری سەوڵاوا و باوکی سێ منداڵ، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، گیانی بەختکرد.

هەروەها ئەمیرعەلی حەیدەری، لاوی تەمەن ١٧ ساڵی هاوڵاتی و دانیشتووی شاری کرماشان، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد و ناوەندەکانی ڕژیم بنەماڵەکەیان خستۆتە ژێر فرشار کە هۆکاری گیانلەدەستدانی ناوبراو کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە ڕابگەیەنن و بۆ ڕادەستکردنی تەرمەکەی داوای یەک ملیارد تمەنیان کردووە.

لە شاری کرماشان و لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی هەمان ڕۆژدا لە گەڕەکەکانی دڕەدرێژ، ئێلاهیە، نۆبەهار و ڕەشیدی، لانیکەم پێنج هاووڵاتیی دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران گیانیان بەختکردووە. نەوید ساڵحی، ٢٨ ساڵ، خەڵکی شاری پاوە و دانیشتووی کرماشان و پەرستار لە نەخۆشخانەی فارابی، لە گەڕەکی دڕەدرێژ گیانیبەختکرد. بەیات سوبحانی تەمەن ٤٠ ساڵ، خەڵکی گوندی شەمشیر سەر بە شاری پاوە، دانیشتووی شاری کرماشان و باوکی دوو منداڵ، لە گەڕەکی دڕەدرێژ گیانی بەختکرد. سەجاد فەیزی هاوڵاتی و دانیشتووی شاری کرماشان لە گەڕەکی نۆبەهار بە تەقەی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران گیانیبەختکرد. محەممەد جەعفەری هاوڵاتی و دانیشتووی شاری کرماشان لە گەڕەکی ئێلاهیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد. عیرفان جامەشورانی، هاوڵاتی و دانیشتووی  شاری کرماشان، لە گەڕەکی ڕەشیدی بە تەقەی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد.

لە شاری ئیلام، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، موبین فەیلی، هاووڵاتی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی زەڕنە سەر بە شاری «ئیوان» لە پارێزگای ئیلام، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گیانی بەختکرد.

لە شاری تاران، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لانیکەم پێنج هاووڵاتیی کورد لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانیان بەختکردووە. ئیبراهیم ئەحمەدپووریان خەڵکی شاری سەقز، باوکی دوو منداڵ و دانیشتووی شاری تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد. بورهان سەیدی، خەڵکی گوندی «ئینگیجە»ی سەر بە سەڵماس و دانیشتووی شاری تاران، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارە گیانی بەختکرد. عەلیڕەزا سەیدی تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی ئاودانان و دانیشتووی شاری تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد. محەممەد زەمانی، خەڵکی ئەیوان غەرب، باوکی دوو منداڵ و دانیشتووی شاری تاران، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکانی یەم شارەدا گیانی بەختکرد. هەروەها دیار پوورچهریق، هاووڵاتی کوردی خەڵکی سەڵماس و دانیشتووی شاری تاران، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد.

لە درێژەی ئەم ناڕەزایەتیانەدا، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، هۆلاکۆ ئایوانی، هاولاتییەکی وەرزشکار و دانیشتووی شاری ئیسلام ئاوای غەرب سەر بە پارێزگای کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا، ئامادەبوونی فراوانی سوپای پاسداران و هێزی تایبەتی ڕژیم لە شەقام و گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکانی کوردستان بەردەوامە و نەخۆشخانەکانی ئەم شارە لەگەڵ دۆخێکی ناهەموار بەرەوڕوون، و بنەماڵەی گیانبەختکردووەکان لەژێر فشاری ناوەندە ئەمنییەکاندان تا لە بەرامبەر ڕادەستکردنی تەرمی ڕۆڵەکانیان بێدەنگ بن.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، سەرکوتی توند و ئاسۆی داهاتوو

س ژانویه 13 , 2026
١- ڕاپۆرتی مەیدانی ١٧ ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنەوەی سەرلەنوێی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکوومەت لە ئێران تێپەڕ دەبێت. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە لایەن سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی هەواڵەوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای ئەم ناڕەزایەتیانەوە لانیکەم ٦٤٨ خۆپیشاندەر کە ٩ کەسیان منداڵ بوون، گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش بریندار بوون. ژمارەی دەستگیرکراوەکان بە زیاتر لە دە […]

بابەتی پەیوەندیدار