کرماشان؛ گیانلەدەستدانی پێنج هاوڵاتی لە ناڕەزایەتییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم

لە درێژەی سەرکوتکردنی خوێناویی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە کرماشان، لانیکەم پێنج هاووڵاتی بە ناوەکانی محەممەدمەهدی بەدری، مەلیکە شامورادی، حەسەن فەلاحی، ئیلهام زەینەڵی و ڕەزا دەروێشی، لە شارەکانی کرماشان و شاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، پێنج هاووڵاتی بە ناوەکانی محەمەدمەهدی بەدری، مەلیکە شامورادی، حەسەن فەلاحی و ئیلهام زەینەڵی لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە کرماشان و ڕەزا دەروێشی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری شاباد  بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژراون.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٩ بەفرانباری ١٤٠٤، حەسەن فەلاحی، پەیڕەوی ئایینی یارسان و خەڵکی گوندی “سەرائیلان تووەخاکی” لە کرماشان، لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شارۆچکەی ئیلاهییە لە کرماشان، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم بە گوللەی جەنگی لە پشتەوە کوژرا. هێزەکانی ڕژیم ڕێگرییان له ناشتنی تەرمی ئەم هاووڵاتییه له شاری کرماشان کردووە و بنەماڵەکەی ناچار بوون تەرمەکەی له گوندی زێدی خۆی “سەرائیلان تووەخاکی” ئەسپەردەی خاک بکەن. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی حەسەن فەلاحی لە ٢١ بەفرانبار لە کەشێکی ئەمنیی بەڕێوەچوو و ئامادەبووان دروشمی ناڕەزایەتییان بۆ دەربڕینی دژایەتی خۆیان بۆ حکومەت گووتەوە.

ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ بەفرانباری ١٤٠٤، مەلیکە شامورادی (دەستیاب) ٢١ ساڵ، هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی یارسان و خەڵکی شاری کەرەندغەرب، ناوەندی شاری داڵاهۆ، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شارۆچکەی مامۆستا لە کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی لەدەستدا. تەرمی ئەم هاوڵاتیە لە زێدی خۆی بە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردن و جەماوەرێکی زۆر ئامادەبوو بەخاک سپێردرا.

لە هەمان ڕۆژەدا محەممەدمەهدی بەدری، هاووڵاتی شاری کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە فلکەی تاقبستان لەم شارە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ڕژیم گیانی لەدەستدا.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ بەفرانباری ١٤٠٤، ئیلهام زەینەڵی سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەی ئیمام عەلی لە کرماشان، بە گوللەی جەنگی لە پشتەوە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم کوژرا. ئەم هاوڵاتیە لە پشت و سک و منداڵدان بریندار بووە، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، نەشتەرگەرییەکی گەورەی بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانیی گیانی لەدەستداوە. تەرمی ناوبراو لە ٢٣ بەفرانبار لە «باخی فیردەود» لە کرماشان بە خاک سپێردرا.

لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ بەفرانبار لە شاباد، ڕەزا دەروێشی گەنجی ٢٧ ساڵ خەڵکی ئەم شارە، سەرەتا لە نزیک مزگەوتی ئیمام حسێن بە چەکی ساچمەیی بە سەختی بریندار بوو، دواتر هێزەکانی ڕژیم بە چەکی کڵاشینکۆف لە کاتێکدا کە لەسەر زەوی کەوتبوو و تەقەیان لە دڵی ناوبراو کردووە و کوژرا. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ڕەزا دەروێشی ڕۆژی ٢٠ بەفرانبار لە گوندی تەجر لە کەرەم پەنائاوا بەڕێوەچوو.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

کوشتاری سیستماتیک لە تاریکیدا، چیرۆکی هەژێنەری شەوی خوێناوی ١٩ی ڕێبەندان

پ ژانویه 22 , 2026
بیست و حەوت ڕۆژ بەسەر دەستپێکی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی ئەو کارەساتەی کە تەنیا لە شەوی ١٩ی ڕێبەندان دا ڕوویدا، بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە. لە کاتێکدا کە ئینتەرنێت و ئامرازەکانی پەیوەندی لە سەرانسەری ئێران پچڕاون، ئەو ڕاپۆرت و بەڵگە باوەرپێکراوانەی کە […]

بابەتی پەیوەندیدار