
نووسین: هیوا ئەمانی
وەرگێڕان: سەعید ئەمانی
دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لە یەکەم ڕۆژەکانی لەدایکبوونیەوە، لە داواکارییەکی تەنها کلتووری یان ناسنامەیی واوەتر بوو. ئەم دروشمە ڕەخنەیەکی بنەڕەتییە لە کۆی سیستەمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی کۆماری ئیسلامی. «ژن» هێمای ڕەتکردنەوەی پێکهاتەی پیاوسالارانە و دەسەڵاتی ئایینییە، «ژیان» وەستان لە بەرامبەر سیاسەتی مردن و مەرگ دۆستی، بێبەشکردن و هەژاریی سیستەماتیکە، و «ئازادی» ڕەتکردنەوەی هەموو شێوازەکانی دەسەڵاتدارییە؛ لە دیکتاتۆریی سیاسییەوە تا کۆیلایەتیی کۆمەڵایەتی و ئابووری.
هێزی ئەم دروشمە لە گشتگیری و هەمە لایەنە بوونیدا شاراوەتەوە. «ژن، ژیان، ئازادی» توانی کەلێنە دەستکردەکانی نێوان داواکارییە ڕەگەزی، نەسڵی، نەتەوەیی و چینایەتییەکان پڕ بکاتەوە و بیگۆڕێت بە دەستەواژەیەکی ناوەندی شۆڕشگێڕانە؛ دەستەواژەیەک کە لە هەمان کاتدا ئەگەری ڕزگاریی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیش پێشکەش دەکات. ئەم دروشمە نەتەنیا هەڕەشە لە کۆماری ئیسلامی دەکات، بەڵکو هەر پرۆژەیەکی دواکەتوانە یان نوخبەسەنتەریش دەخاتە ژێر پرسیارەوە، چونکە لە بنەڕەتدا باس لە هێزی گەل، خۆڕێکخستن و ڕەتکردنەوەی شەرعییەتی دیکتاتۆرەکان دەکات.
ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ۱۴۰۴ خاڵی وەرچەرخانی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بوو لە ئاستی هێمایی و کلتووریەوە بۆ ئاستی کۆمەڵایەتی-چینایەتی. لەم ڕاپەڕینەدا، مەسەلەی نان، کار، موچە، بێکاری و هەژاریی پێکهاتەیی، بە هەمان جیدیەتەوە کە پێشتر بابەتی ئازادییە تاکەکەسییەکان و ستەمی ڕەگەزی تێدا تەرح کرابوون، هاتنە مەیدانەوە. ئەم گۆڕانکارییە نەک پاشەکشە نەبوو لە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی»، بەڵکو جێبەجێکردنی ناوەکۆکەکەی بوو بە شێوەیەکی گونجاو. کۆمەڵگایەک کە ژیانی بەستراوەتەوە بە هەژاری، گرانی و نائارامی ئابوورییوە، ناتوانێت ئازاد بێت، و خەباتی دژ بە ستەمی جنسیەتی بەبێ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ پەیوەندییە ئابوورییەکانی بەرهەمهێنەری، ناقیس و ناتەواوە.
پەیوەندی نێوان داواکارییە ئابوورییەکان و هاواری ژن، ژیان، ئازادی نیشاندەری کامڵ بوونی کۆمەڵایەتیی جۆڵانەوەکەیە. ئەم پەیوەندییە، تێگەیشتنێکی قووڵتر لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتداری پێشکەش دەکات و نیشانی دەدات کە ڕزگاریی ڕاستەقینە تەنیا لە دۆخی گۆڕانی هاوکاتی پەیوەندییە ڕەگەزی، دەسەڵاتی سیاسی و ئابوورییەکاندا مومکینە. لەم ڕوانگەیەوە، ڕاپەڕینی مانگی بەفرانبار نیشاندەری هەڵکشانی بزوتنەوەکەیە بۆ قۆناغێکی ڕادیکاڵ و کۆمەڵایەتی، بۆ ئاستێک کە ناڕەزایەتییە لاوەکیەکان، داواکارییە تاکەکەسیی و مەسەلەکانی چینی کرێکار لە مەیدانێکی هاوبەشدا جێیان گرتوە.
لەم نێوانەدا، مەسەلەی ئازادی شوێنێکی تایبەتی هەیە. ئازادی لە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی»دا تەنها چەمکێکی هێمایی نییە؛ بەڵکو ئازادییەکی ڕێکخراو و ڕاستەقینەیە کە لە سبەی ڕۆژی ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامیدا دەتوانێت شێوەی کردەیی و پێکهاتەیی وەربگرێت. ئەم ئازادییە، بەپێچەوانەی تێگەیشتنی ڕەوتی ڕاست لە ئازادی بە واتای سوودوەرگرتنی تایبەت یان دەسەڵاتخوازی، بریتییە لە مافی ئامادەبوون و دەرکەوتنی هەموو ڕەوت و گەرایشەکان لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. ڕەوتی ڕاست دەتوانێت دەنگی خۆی لەم بۆشاییە ئازادەدا دەرببڕێت، بەها و بیروبۆچوونەکانی خۆی پێشکەش بکات، و بە شێوەیەکی یاسایی و بێ سەرکوت لەگەڵ ئەوانی تر هەڵسوکەوت بکات؛ بەڵام ئەم ئازادییە، ئازادیی چەپ و هەموو دژبەرەکانیش زەمانەت دەکات. بە واتایەکی تر، ئازادییەکی ڕاستەقینەیە نەک تەنیا مافی لایەنێک، بەڵکو مافی هەموانە و پابەندبوون پێیەوە تەنیا کاتێک واتای هەیە کە مافی هەموانی تێدا پارێزراوبێت.
دوژمنایەتی ڕەوتی پاشایەتیخوازان لەگەڵ هاواری «ژن، ژیان، ئازادی» لە ناکۆکییەکی سەرەکی و پێکهاتەییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم دروشمە جەخت لەسەر خۆڕزگارکردن، کردار لە خوارەوە و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دەسەڵاتێکی بۆ ماوەیی یان نوخبەسەنتەر دەکاتەوە؛ لە کاتێکدا کە پاشایەتیخوازی تەنانەت لە وەشانە بە دەموچاو دیموکراتەکانیشدا، پرۆژەیەکە لە سەرەوە و پشتبەستوو بە ڕابەرایەتیی ناوەندگەراوە و متمانەی بە توانای خەڵک لە ڕێکخستن و کردەوەی سیاسیدا نییە. لە مەنتیقی پاشایەتیخوازیدا، خەڵک سوژەی سیاسەت نین، بەڵکو ئۆبژەی گواستنەوەی دەسەڵاتن. بەپێچەوانەوە، «ژن، ژیان، ئازادی» خەڵک وەک هێزێکی چالاک لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و مێژوویدا بە ڕەسمی دەناسێ و ژنی ئازادکراو، کۆمەڵگەی خۆڕێکخراو و ئازادیی ڕادیکاڵ لە ناکۆکیی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ هەر جۆرە بەرهەمهێنانەوەیەکی دیکتاتۆری دەبینێت.
سەرچاوەی کۆمەڵایەتیی پاشایەتیخوازی زیاتر لە نێوان چینی مامناوەندی دەوڵەمەند، بورژوازیی کۆچبەر و تۆڕە میدیاییەکانی سەربە دەسەڵاتە دەرەکییەکان شکڵی گرتووە و هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی لەگەڵ چینی کرێکار یان وەڵامێکی ڕاستەقینە بۆ قەیرانە پێکهاتەییەکانی نان، کار و گوزەران نییە. ئەم ڕەوتە نەک تەنها پرۆگرامێکی نییە بۆ گۆڕانکاریی پێکهاتەیی، بەڵکو هەوڵ دەدات جموجۆڵە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو بەرهەمهێنانەوەی نیزامی سەرمایەداریی نایەکسان ڕێنمایی بکات. بەم هۆیەشەوە، پەیوەندیی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لەگەڵ داواکارییە ئابووری و چینایەتییەکان، هەڕەشەیەکی بنەرەتیە بۆ پاشایەتیخوازەکان، چونکە ئەگەری دەستبەسەرداگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی بزوتنەوەکە لەناو دەبات و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی پرۆژەکەیان ئاشکرا دەکات.
ئەزموونی مانگی بەفرانباری ۱۴۰۴ نیشان دەدات کە خەبات لە دژی هەژاری، گرانی و نا ئەمنی پیشەیی نەک تەواوکەرێکی لاوەکی، بەڵکو بەشێکی جیانەکراوەی دروشمی بزوتنەوەی ژینایە. تەواوکردنی شۆڕشی ژینا بێ پەیوەندیی هۆشیارانە لەگەڵ دروشمی «نان، کار، ئازادی» مومکین نییە. ئەم دوو دروشمە تەواوکەری یەکترن. «ژن، ژیان، ئازادی» ئاسۆی ڕزگاری و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە و «نان، کار، ئازادی» بنەمای مادی جێبەجێکردنی ئەم ڕزگارییە پێناسە دەکات.
هەر هەوڵێک بۆ جیاکردنەوەی ئەم دوو دروشمە، جا چ لە لایەن هێزە لیبەراڵ و پاشایەتیخوازەکانەوە یان لە لایەن گەرایشە هاوسان خوازە ئابوورییەکانەوە، لە کۆتاییدا بزوتنەوەکە لاواز دەکات و تووشی پەرتەوازەیی دەبێت.
لە ڕوانگەی مێژوویی و بەراوردکاریەوە، ڕاپەڕینە هاوشێوەکان لە وڵاتانی تردا نیشانیان داوە کە جووڵانەوە ناڕەزایەتییە سنووردارەکان بە مەسەلەکانی ڕەگەزی یان ئابووریەوە، ئەگەر لە پەیوەندیی ئۆرگانیک لەگەڵ یەکتردا نەبن، بە خێرایی لە لایەن نوخبەکان و ڕەوتە زاڵەکانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن. ئەزموونی ڕاپەڕینی مانگی بەفرانباریش لەسەر ئەم خاڵە دڵنیایی دەبەخشێت کە: ڕزگاریی ڕاستەقینە تەنها کاتێک دێتەدی کە بزوتنەوەکە بە شێوەیەکی ڕێکخراو، لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی دەسەڵات، ئابووری و ڕەگەزی بە ئامانج بگرێت.
ڕاپەڕینی مانگی بەفرانباری ۱۴۰۴ نیشانی دا کە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» نە شکستی هێناوە و نە وەستاوە، بەڵکو هاتووەتە ناو قۆناغێکی ڕادیکاڵتر، کۆمەڵایەتیتر و چینایەتیترەوە. ئەم ڕاپەڕینە هەم کۆماری ئیسلامی توشی ئاستەنگ دەکات و هەم ئاڵتەرناتیڤە کۆنەپەرستەکانی بەرهەمهێنەرەوەی دەسەڵاتداری پاشایەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
داهاتووی ئەم ڕاپەڕینە بەستراوەتەوە بە جێگیرکردنی پەیوەندی پتەوی نێوان ئازادییە تاکەکەسییەکان، ڕزگارکردنی ژنان و داواکارییە ئابووری-چینایەتییەکانەوە. دروشمی«ژن، ژیان، ئازادی» ئاسۆی ڕزگاری و یەکسانی دەکاتەوە و «نان، کار، ئازادی» بنەمای مادی و کردەییی جێبەجێکردنی شکڵ پێدەدات؛ تەنیا کاتێک دەتوانین ئەم دوو دروشمە لە یەکتر جیا نەکەینەوە و بیانکەین بە پرۆژەیەکی ڕزگاربەخش و بەردەوام کە، هەم ئازادیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، هەم ڕزگارکردنی ژنان و هەم دابینکردنی مەرجەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵک لەبەرچاو بگیرێت.
لەم ڕوانگەیەوە، ڕاپەڕینە لاوەکیەکان و داواکارییە جیاوازەکان تەنها کاتێک دەگۆڕێن بۆ بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە، ڕێکخراو و هۆشیار کە ئەم دوو دروشمە ئاوێتەی یەکتر بکەین. بزوتنەوەیەکی ئاوا نە دەگەڕێتەوە بۆ دواوە و نە ڕازی دەبێت بە دۆخی ئێستا، بەڵکو لە هەمان کاتدا ئاستی بە ئاکام گەیشتنی ڕزگاریی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی بەرەوپێش دەبات و ئەگەری شەکڵگرتنی ئازادییەکی ڕاستەقینە، ڕێکخراو و گشتگیر فەراهەم دەکات.

