
«سۆهراب بەهرامی»، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، دوای سێ مانگ دەستبەسەرکران لە گرتووخانە ئەمنییەکاندا، بە دانانی بارمتەیەکی قورس بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی گوڵانی ١٤٠٥، سۆهراب بەهرامی، چالاکی مەدەنیی ناسراو، دوای سێ مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر لە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەدەستهاتووەکان، سۆهراب بەهرامی لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە. تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتەکانی دژی ناوبراو، ڕانەگەیەندراوە.
