
لە بەردەوامی جەوی ئەمنیدا، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی ٢٣٩ هاووڵاتیی لە پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان ڕاگەیاند و تۆمەتگەلێکی وەک سیخوڕی، ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکان و قاچاخی چەکی خستووەتە پاڵیان.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز بە گوتەی هەرانا، ڕۆژی شەممە ٥ی گوڵانی ١٤٠٥، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە لە چەندین ئۆپەراسیۆندا لە پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان، بە گشتی ٢٣٩ کەس دەستبەسەر کراون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٨٤ کەس لە پارێزگای کوردستان بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە حیزبەکانی دژبەری ڕژیم، قاچاخی چەک و ئامێری ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد» دەستگیر کراون و لە میانی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا کەسێکیش کوژراوە.
ئەم دامەزراوە ئەمنییە هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە لە پارێزگای کرماشان، ١٤٤ کەس بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی چەکی بێ مۆڵەت، چوار کەس بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ مۆساد» و حەوت کەسی دیکە بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکان، دروستکردنی بۆمبی دەستکرد و کڕینی چەکی بێ مۆڵەت» دەستبەسەر کراون.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بڕێک چەک، تەقەمەنی و کەرەستەی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد لە دەستبەسەرکراوان دەستی بەسەردا گیراوە.
هاوکات، نەبوونی ڕوونی و شەفافیەت سەبارەت بە ناسنامەی دەستبەسەرکراوان، شوێنی ڕاگرتن و پرۆسەی دادگاییکردنیان، نیگەرانییەکی جدیی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە. ئەم شەپۆلە لە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ لە کاتێکدایە کە دوای جەنگی ٤٠ ڕۆژەی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، نیشانەکانی توندبوونەوەی کەشی ئەمنی و زیادبوونی سەرکوت لە ناوچە جیاجیاکان بەتایبەت لە کوردستان دەبینرێت؛ ڕەوتێک کە دەکرێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی بەرفراوانی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان، لەوانە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، هەبوونی پارێزەر و پارێزراوی لە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، ئەمەش پێویستیی سەرنجی بەپەلەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بۆ دۆخی دەستبەسەرکراوان دوو هێندە دەکات.

