
«کازیوە پەرویزنیا»، ژنێکی گەنجی خەڵکی مەهاباد، دوای تێپەڕبوونی بیست ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتە بەشێوەیەکی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥، کازیوە پەرویزنیا، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد، دوای نزیکەی بیست ڕۆژ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتە و تا کاتی کۆتاییهاتنی دادگاییکردنی، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کراوە.
ڕۆژی هەینی ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بەبێ سزای دادوەری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی کازیوە پەرویزنیا و بەهۆی ئامادەنەبوونی ناوبراو لە ماڵەوە، برازاکەی بە ناوی «نیگار پەرویزنیا»یان دەستبەسەر کردووە. لە بەردەوامییدا، دەزگا ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە ئازادکردنی کەسی دەستبەسەرکراو بەستراوەتەوە بە خۆناساندن و خۆڕادەستکردنی کازیوە. دوای ئەم گوشارانە، کازیوە پەرویزنیا بە سەردانیکردنی ئیدارەی ئیتڵاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی ورمێ گواستراوەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەزگای دادوەری و ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم هاووڵاتییەیان بە تۆمەتی «ڤیدیۆکردن لە کاتی شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران» خستووەتە ژێر لێکۆڵینەوەوە. ناوبراو دوای تێپەڕاندنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە گرتووخانەیەکی نادیاردا، بە تۆمارکردنی دۆسیەی ئەمنی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گواستراوەتەوە و تا کاتی ئازادبوونی بە بارمتە، لە دەستبەسەریدا بووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەبارەی تۆمەتەکانی دژی ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.

