
زانیار مورادی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و تەمەن ٣٣ ساڵ، خەڵکی گوندی کیلەکەبود سەر بە ناوچەی چلچەمەی شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٥، زانیار مورادی، تەمەن ٣٣ ساڵ و باوکی دوو منداڵ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژێم بە چەندین ئۆتۆمبێل و کەرەستەی ئەمنیی چوونەتە گوندی کیلەکەبود و ماڵی بنەماڵەی زانیار مورادییان پشکنیوە. بەهۆی ئامادەنەبوونی ناوبراو لە ماڵەوە، هێزەکانی ڕژێم ڕۆژی دواتر لە ڕێگەی شەریفئاوا شوێنیان پێ زانیوە و دەستبەسەریان کردووە.
زانیار مورادی پێشتریش لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٠دا لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای دەستبەسەرکرانی، بۆ ماوەی ٩٧ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی گرتووخانەی دەزگای ئیتلاعات ڕاگیرابوو و لێکۆڵینەوەی لێ کرابوو.
سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئەم زیندانییە سیاسییەی پێشوو، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن، هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی، لەبەر دەستدا نییە.

