“ئەرسەلان خوداکام” ئەندامی پێشووی سوپای پاسداران کە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بە زیندانی تاهەتایی مەحکووم کرابوو، پاش بەسەربردنی ٦ ساڵ و ٢ مانگ زیندانی، لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٣، “ئەرسەلان خودکام” زیندانی تەمەن ٥٠ ساڵی خەڵکی شاری مهاباد، پاش تێپەڕبوونی ٦ ساڵ و ٢ مانگ و ١٢ ڕۆژ زیندانی، لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، حوکمی زیندانی تاهەتایی “ئەرسەلان خودکام” بە حوکمی لەناکاوی دادستانی سەربازی تاران و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو ڕاوەستاوە و حوکمی ئازادی ناوبراو دەرچووە.
“ئەرسەلان خودکام” بە تۆمەتی “کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لەڕێگەی سیخوڕی بۆ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان، لەلایەن لقی ١ی دادگای سەربازی ورمێ بە لەسێدارەدان مەحکووم کرا و ئەم حوکمە لە ڕەزبەری ٩٧، بە ڕەزامەندی لقی ٣٢ی دیوانی باڵای وڵات گەیشتووە و بە پارێزەرە دیاریکراوەکەی ناوبراویش ڕاگەیەندرابوو. ئەم زیندانییە لە ١ی ڕەزبەری ٩٧ لە بەندی گشتی بۆ بەندی ١٢ی زیندانیانی سیاسی زیندانی ورمێ گواسترایەوە. حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراو پاش ڕاگەیاندنی لێبوردن نامەکەی، کەم کرایەوە بۆ زیندانی تاهەتایی و لە ٢٥ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، لە زیندانی ورمێ بە ناوبراو ڕاگەیاندرا.
“ئەرسەلان خودکام” ڕۆژی دووشەممە ٣ی گوڵانی ١٣٩٧، لەکاتێکدا کە ئەندامی سوپای پاسداران بوو و لە ئەرکێکدا بۆ شنۆ ڕۆشتبوو، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دیموکرات دەستبەسەرکرا.