یاسین مستەفاپوور، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، لە ناڕەزایەتی دژی بێبەش کرانی لە کەرەستەی ژیانی و فشارە ئەمنییەکان لە زیندانی شاری مەهاباد، دەستی بە مانگرتن لە خواردنی وشک کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، یاسین «ئامانج» مستەفاپوور، لەدەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، لە شاری مەهاباد لە ڕەشەمەی ١٤٠٢، بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ زیندان گواسترایەوە، لە ناڕەزایەتی دژی بێبەش کرانی لە کەرەستەی ئاسوودە ژیانی کە بە بڕیاری پاراستنی ئیتلاعاتی سپای پاسداران جێبەجێ کراوە، دەستی بە مانگرتن لە خواردنی وشک کردووە، ڕاپۆرتەکان بڵاویان کردەوە کە ناوبراو لە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ مانگرتنی خۆی دەستپێکردووە و تا ئێستا لە دۆخی نادیاریدا بەسەر دەبات. ناوبراو کە زیاتر لە ساڵێکە لە زیندان بەسەر دەبات، لە کاتی گواستنەوەی بۆ زیندان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای زیندانییەکەی، بە بڕیاری ناوەندە ئەمنییەکان لە پێدانی مۆرەخەسی و کەرەستە ژیانییەکان بێبەش کرابوو.
یاسین مستەفاپوور، لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەرکرا و پاش ٦ مانگ لە دەستبەسەرکرانی بەشێوەیەکی کاتی، بە دانانی بارمتە بەشێوەیەکی کاتی ئازادکرا. ناوبراو پاش دەرچوونی بڕیاری یەکلاکەرەوە لەلایەن دادگای تاوان و دادگای شۆڕشی شاری مهاباد، لە ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ بۆ تێپەڕاندنی سزای زیندانییەکەی بۆ زیندانی شاری مەهاباد گواسترایەوە.
ناوبراو لە خەرمانانی ١٤٠٢، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای ٢ی شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر سەجاد دەهقان زادە، بە تۆمەتی «بەفیڕۆدان و تاڵانکردنی موڵک بە توندوتیژی و زۆرداری» بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری، بە تۆمەتی «بەشداری لە لەناوبردنی موڵک بە ئەنقەست» بە ساڵێک و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری، بە تۆمەتی «نافەرمانی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان» بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی «تێکدانی ڕای گشتی» بە ساڵێک زیندانی تەعزیری و ٧٤ لێدانی شەلاق سزای بەسەردا سەپێندرا. بەپێی مادەی ١٣٤ لە یاسای سزادانی ئیسلامی لەم سزایەدا، توندترین سزا واتە ٥ ساڵ زیندانی جێبەجێ دەکرێت. هەروەها، لە بەڵگەنامەیەکی دیکەدا، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مهاباد بە تۆمەتی «دژایەتی ئاسایشی نەتەوەیی» بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری سزای بەسەردا سەپێندرا.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە تەواوی ماوەی زیندانیکردنی خۆیدا لە پێدانی مۆرەخەسی و مافەکانی دیکەی لە زیندان بێبەش بووە و بەپێی ڕاپۆرتەکان، پاراستنی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆی بڕیاری داوە کە هیچ جۆرە کەرەستەیەکی ژیانی، وەکو بینینی ڕاستەوخۆ، تەلەفۆن، یان دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریە دەرمانییەکان، بۆ ناوبراو قەدەغەیە. ئەم دۆخە نامرۆڤانە، ناوبراوی ناچار بە مانگرتن لە خواردنی وشک کردووە.
یاسین «ئامانج» مستەفاپوور، تەمەن ٢٦ ساڵ، خەڵکی شاری مەهاباد، لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ١٤٠١ دەستبەسەرکراوە و تا ئێستا لە زیندانی شاری مەهاباد بەسەر دەبات.