«مینا سوڵتانی»، یەکێک لە دایکانی دادخوازی شاری بۆکان، بە ٨ مانگ زیندان و یەک ملیۆن تمەن سزای نەقدی مەحکوم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی، لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە شاری بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانکاری دووی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕژیم» و «ئامادەبوونی ژنان لە شوێنە گشتییەکان بەبێ حیجابی شەرعی» بە ٨ مانگ زیندان و پێدانی یەک ملیۆن تمەن سزای نەقدی مەحکوم کرا.
«میلاد محەممەدی»، برای شەهریار محەممەدی، لە پەڕەی ئینستاگرامی خۆی ڕایگەیاندووە کە ئەم سزایە بە شێوەیەکی زارەکی بە دایکی «دایە مینا»، ڕاگەیەندراوە و دانیشتنی دادگا بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی بەڕێوەچووە. بە وتەی میلاد محەممەدی، دایکی تەنانەت دەرفەتی بەرگریکردن لە خۆی پێنەدراوە.
دانیشتنی دادگا بۆ تۆمەتەکانی ئەم دایکە داخوازە لە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بە سەرۆکایەتی دادوەر «مەهدی فەخری» لە لقی ١٠١ی دادگای تاوانکاری دووی شاری بۆکان بەڕێوەچووبوو.
مینا سوڵتانی زارەع، لە شەشی خەرمانانی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو. ڕۆژی سێشەممە دەی ڕەزبەری ١٤٠٣، بە دانانی بارمتە و بەشێوەیەکی کاتی تا کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییەکەی لە زیندان ئازادکرا.
مینا سوڵتانی زارەع، دایکی شەهریار محەممەدی لە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا لە شاری بۆکان بەهۆی بەرکەوتنی گوللە گیانی لەدەستدا.