
لەگەڵ تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنی «یووسف کلۆنکزادە»، وەرگێڕ و مامۆستای زمانی کوردی و خەڵکی ورمێ، ناوبراو هێشتا بە شێوەیەکی ناڕوون و بێ دیاریکردنی چارەنووسی لە زیندانیی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە و دادگا تا ئێستا ڕەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی کاتیی ئەو بە دانانی بارمتە دەرنەبڕیوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنی یووسف کلۆنکزادە، ئەم هاووڵاتییە کوردە هێشتا لە زیندانیی ناوەندیی ورمێ دەستبەسەرە و دۆخی دۆسیەکەی نادیارە. بەپێی زانیارییەکان، لایەنە دادوەرییەکان تا ئێستا داواکاریی ئازادکردنی کاتیی ئەم وەرگێڕ و مامۆستایەی زمانی کوردییان بە دانانی بارمتە ڕەت کردووەتەوە و ئەو هێشتا لە دۆخێکی ناڕووندایە.
یووسف کلۆنکزادە لە سەرەتای مانگی گوڵانی ١٤٠٥، لەلایەن هێزەکاتی ڕژێم و بەبێ سزای دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە مافی پارێزەر و چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و ئەم سنووردارکردنانە هێشتا بەردەوامن.
تا ئێستا هیچ کام لە دەزگا بەرپرسەکان ڕوونکردنەوەیەکی ئاشکرایان سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن یان تۆمەتەکانی دژی ئەم وەرگێڕ و مامۆستایەی زمانی کوردی نەداوە، و دۆخی دۆسیەکەی هێشتا نادیارە.
لە ساڵانی ڕابردوودا، چالاکانی مەدەنی، کولتووری و مامۆستایانی زمانی کوردی لە شارەکانی کوردستاندا چەندین جار ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن، ڕاگرتنی درێژخایەن لە گرتووخانەکان و بێبەشکردن لە مافە سەرەتاییەکانی دادگاییکردن، لەوانە پارێزەر و ئازادیی کاتی بوونەتەوە؛ کە هەمیشە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەهۆی پێشێلکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان ڕەخنەی لێ گیراوە.

