محەممەد مارابی، هاوڵاتی خەڵکی گوندی ماراب سەر بە شاری کامێران لەلایەن هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، «محەممەد مارابی» هاوڵاتی خەڵکی گوندی ماراب سەر بە شاری کامێران، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەرکرا. بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، هێزەکانی ڕژیم بەبێ بڕیاری دادوەر ئەم هاوڵاتییەی دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاری گواستۆتەوە.
بەگوتەی بنەماڵەی محەممەد مارابی، تاکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی زیندانیکران، دۆخی سەلامەتی و هۆکاری دەستبەسەرکرانی ناوبراوەوە لەبەردەستدا نییە.
شایانی باسە هەوڵەکانی بنەماڵەی ناوبراو بۆ دەستکەوتنی زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی رۆلەکەیان تا ئێستا بێ ئەنجام ماوە.

