
ئومێد چاوباز و هادی بایەزیدی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، دوای ۲۰ ڕۆژ لە دەستبەسەرکران و بێئاگایی لە دۆسیەکەیان، بە دانانی بارمتەی چوار ملیار تمەنی بۆ هەر کامیان بە کاتی ئازاد کران. ئەم دوو هاووڵاتییە پێشتر بەبێ بڕیاری دادگا لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کرابوون و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرانەوە. لە نێوان ۹ هاووڵاتی کە لە مانگی گەلاوێژدا لە بۆکان دەستبەسەر کرابوون، حەوت کەسیان هێشتا لە دەستبەسەریدان.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئومێد چاوباز و هادی بایەزیدی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، دوای ۲۰ ڕۆژ دەستبەسەرکران لەلایەن دەزگای ڕژێم، بە دانانی بارمتەی چوار ملیار تمەنی بۆ هەر کامیان، بە کاتی لە بەندیخانە ئازاد کران. هاوکات، حەوت هاووڵاتیی دیکە لە کۆی ۹ هاووڵاتی دەستبەسەرکراوی بۆکان هێشتا لە دەستبەسەریدان.
ڕۆژی سێشەممە دەی خەرمانانی ١٤٠٥، ئومێد چاوباز، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی «حاجیلەکی» سەر بە بۆکان، و هادی بایەزیدی، هاووڵاتیی ۲۲ ساڵە و چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی ئەم شارە، دوای تێپەڕبوونی ۲۰ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانیان، بە بارمتەی چوار ملیار تمەنی بۆ هەر کامیان، بە کاتی ئازاد کران.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم دوو هاووڵاتییە لە یەکەم کاتژمێرەکانی دوای دەستبەسەرکران بۆ گرتووخانەیەکی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرانەوە و لە ژووری تاکەکەسیدا کەوتبوونە بەر لێکۆڵینەوە. ئەوان دوای ۱۹ ڕۆژ ڕاگرتنیان لەم گرتووخانەدا، ڕۆژی دووشەممە نۆی خەرمانان بۆ بەندی کەرەنتینەی زیندانیی بۆکان گوازرانەوە و ڕۆژێک دواتر بە بارمتە ئازاد کران.
ئومێد چاوباز بەرەبەیانی پێنجشەممە بیست و دووی گەلاوێژی ١٤٠٥، لە کاتژمێر دووی نیوەشەو، بەبێ بڕیاری دادگا لەلایەن هێزەکانی ڕژێم لە ماڵەکەیدا دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
هاوکات، هێزەکانی ڕژێم بە هێرشکردنە سەر ماڵی هادی بایەزیدی، ئەم چالاکوانەی مەدەنیی بەبێ بڕیاری دادگا دەستبەسەر کرد. لە کاتی ئەم هێرشەدا، بەشێک لە کەلوپەلی ماڵەکە تێکدراوە و ژمارەیەک لە کەلوپەلی تایبەتی، وەکو تەلەفۆنی مۆبایل و لاپتۆپەکەی، بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و براون.
لە هەمان پەیوەندیدا، لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٥، لانیکەم ۹ هاووڵاتی لە بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کران. ناوی ئەم هاووڵاتییانە ئەمانەیە: ئومێد چاوباز، سدیق کەریمی، هادی بایەزیدی، پێشەوا چەمەنی، ئیسماعیل بادسار، زەکەریا بادسار، هێمن مەنیجە، حسێن یوسفی و حسێن یونسی.
سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین هەفتە لە دەستپێکی ئەم دەستبەسەرکردنانە، تا ئێستا زانیارییەکی ورد دەربارەی تۆمەتەکان و هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە بڵاو نەکراوە. هەروەها دەزگای ئەمنی و دادوەریی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی و ڕوونیان دەربارەی دۆخی دۆسیەکەیان نەداوە.

