کەیوان مامەگلی، هاوڵاتی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە شەش مانگ زیندانیکردن سزادرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، «کەیوان مامەگلی» هاوڵاتی خەڵکی گوندی «گوگ تەپە» لە شاری مەهاباد، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە تۆمەتی «بانگەشە دژی ڕژیم» بە شەش مانگ زیندانیکردن سزادرا. ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ ڕەزبەری ١٤٠٤ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
کەیوان مامەگلی، لە ٢٩ جۆزەردانی ١٤٠٤، بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی مەهاباد گواسترابوویەوە.
ئەم هاوڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی، بە کەفالەت تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی بە کاتی لە زیندانیی مەهاباد ئازادکرابوو.

