ورمێ؛ نازەنین حوسێن‌پوور دوای ٣٧ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

نازەنین حوسێن‌پوور، هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵەی خەڵکی پیرانشار و دایکی دوو منداڵ، دوای ٣٧ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ڕژێم، بە دانانی بارمتەیەکی قورس بە کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە سی و یەکەمی خەرمانانی ١٤٠٥، نازەنین حوسێن‌پوور دوای تێپەڕبوونی ٣٧ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتەی دوو ملیار و پێنجسەد ملیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە دوای کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوە لە گرتووخانەیەکی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە گوازرابووەوە و تا کاتی ئازادکرانی کاتی، لە مافی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

نازەنین حوسێن‌پوور، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵی بچووکە کە کچێک و کوڕێکن. هاوسەرەکەی چەندین ساڵە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە و بوونی وەرەمێک لە سەریدا بووەتە هۆی لەکارکەوتنی بەشێک لە جەستەی.

هەروەها دایک و باوکی هاوسەری نازەنین حوسێن‌پووریش بەساڵاچوون و کێشەی جەستەییان هەیە. خەزووری نەخۆشیی شەکرەی هەیە و خەسووشیشی بەهۆی پچڕانی دڕکەپەتک کەوتووەتە جێگە و پەککەوتەیە. نازەنین پێش دەستبەسەرکرانی، لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتیی بەخێوکردنی منداڵە بچووکەکانی و چاودێریکردنی هاوسەرەکەی و دایک و باوکە بەساڵاچووەکەی لە ئەستۆ بووە.

بەپێی زانیارییەکان، نازەنین حوسێن‌پوور خاوەنی بڕوانامەی خوێندنی سەرەتاییە و بنەماڵە و دایک و باوکی لە چالاکوانانی سیاسیی دانیشتووی دەرەوەی ئێرانن. ئەو تەنیا ئەندامی ئەم بنەماڵەیە بووە کە لە ناوخۆی ئێراندا نیشتەجێ بووە.

نازەنین حوسێن‌پوور، کچی سلێمان میرزا و خەڵکی گوندی شیناوێی سەر بە پیرانشار، ڕۆژی یەکشەممە بیست و پێنجەمی گەلاوێژی ١٤٠٥، دوای بانگهێشتی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابووەوە.

تا کاتی ئازادیی کاتیی ناوبراو، هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی تۆمەتەکانی و هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە بڵاو نەکراوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

دیواندەرە؛ دەستبەسەرکرانی زانیار مورادی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار

چ سپتامبر 23 , 2026
زانیار مورادی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و تەمەن ٣٣ ساڵ، خەڵکی گوندی کیلەکەبود سەر بە ناوچەی چلچەمەی شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٥، زانیار مورادی، تەمەن ٣٣ ساڵ و باوکی دوو منداڵ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات […]

بابەتی پەیوەندیدار