«پەروین عەزیزی»، پەرستارێکی کوردی ٥١ ساڵ، خەڵکی شاری قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان و لە شوێنکەوتووانی ئایینی یارسان، یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانە کە لە شاری ئەندیشەی پارێزگای ئەلبورز گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، پەروین عەزیزی، ٥١ ساڵ، دوای کۆتایی سەعاتی کاری و لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵ، لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری ئەندیشە بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرایە ئامانج و گیانی لەدەستدا. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە نێو قەرەباڵغی خەڵک و دوای دابەزینی لە تاکسی، کراوەتە ئامانجی دوو گوللەی جەنگی و پێکراوە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، پەروین عەزیزی بۆ گەیشتنی خێراتر بە منداڵەکانی لە تاکسی دابەزیبوو کە لە هەمان ساتەکاندا، هێزە سەرکوتگەرەکان دەستیان کرد بە تەقەی ڕاستەوخۆ. تەرمی ئەم پەرستارە کوردە ڕۆژی شەممە، ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شاری ئەندیشە و لەژێر چاودێری و سنوورداریی ئەمنیی توندەوە بەخاکسپێردرا و خێزانەکەی بە فشاری دامەزراوە ئەمنییەکان لە ڕاگەیاندنی ئازادانەی وردەکارییەکانی گیانلەدەستدانی ڕێگریان لێکراوە.

