
بەهادین ڕەزایی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و یەکێک لە مامۆستایانی ناوەندی فێرکاریی «کارینۆ» لەو شارە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی گوڵانی ١٤٠٥، بەهادین ڕەزایی لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر شوێنی کارەکەی لە گەڕەکی «بەهارستان»ی شاری سەقز دەستبەسەر کراوە. ئەم کارە بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی و حوکمی دادوەری ئەنجام دراوە.
بەهادین ڕەزایی وەک مامۆستا لە ناوەندی فێرکاریی «کارینۆ» چالاکیی هەبووە و سەرچاوەکان دەڵێن لەناکاو لە شوێنی کارەکەیدا دەستبەسەرکراوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە. هەروەها بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە دۆخ و چارەنووسی کوڕەکەیان تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.

