مەریوان؛ دەستبەسەرکرانی توندوتیژانەی فوئاد نیکپی و بەردەوامی بێ ئاگایی لە چارەنووسی ناوبراو

فوئاد نیکپی یەکێک لە بریندارانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بەبێ بڕیاری دادوەر و بە شێوەیەکی توندوتیژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخ و چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە. 

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیووز، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، شازدەی بەفرانباری ١٤٠٤، فوئاد نیکپی یەکێک لە بریندارانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بەبێ بڕیاری دادوەر و بە شێوەیەکی توندوتیژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخ و چارەنووسی ناوبراوەوە لەبەردەستدا نییە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی فوئاد نیکپیدا بێ ڕێزییان بە ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراویش کردووە.

پێشتر فوئاد نیکپی لە ئێوارەی حەڤدەی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری مەریوان لە گەڕەکی “سەردووشی”ی بووەتە ئامانجی تەقەی هێزە ئەمنییەکان و لە پاژنەی پێی ڕاستیەوە بە ١٥٠ گوللەی ساچمە بریندارببوو. بەقسەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم گەنجە کە لەدایک بووی بیست و یەکەمی ڕەزبەری ١٣٨٧ ە، کوڕی فاروق و چنوور، خەڵکی گوندی “نی”ی سەر بە  شاری مەریوان و دانیشتووی ئەم شارەیە.

بەدواداچوونەکانی خێزان و نزیکانی فوئاد نیکپی بۆ زانینی شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ناوبراو هەتا ئێستا بێ ئەنجام بووە و ئەم کارەش بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە تەندروستی و چارەنووسی ئەم گەنجە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد دەربارەی هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە دژی ناوبراو، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی جەستەیی فوئاد نیکپی لەلایەن دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕانەگەیەنراوە.​​​​​​​​​​​​​​​​

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مەلەکشاهی؛ گیانلەدەستدانی لاوێکی ١٦ ساڵی دیکە بەهۆی سەرکوتی خوێناوی شار

س ژانویه 6 , 2026
لە درێژەی کۆمەڵکوژی و سەرکوتی خوێناویی شاری مەلەکشاهی، محەمەدڕەزا کەرەمی، لاوی تەمەن ١٦ ساڵ کە لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ڕژیم بە سەختی بریندارببوو، دوای مانەوەی چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سێشەممە ١٦ بەفرانباری ١٤٠٤، محەمەدڕەزا کەرەمی، بریندارێکی دیکەی کۆمەڵکوژی خەڵکی مەلەکشاهی، بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستدا. […]

بابەتی پەیوەندیدار