میلاد و میساق سەیدمورادی، دوو برای دوانەی خەڵکی دێهلوران سەر بە شاری ئیلام، بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخ و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز دووشەممە پازدەی بەفرانباری ١٤٠٤، میلاد و میساق سەیدمورادی لەلایەن هێزەکانی ڕژیم بەشێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
تاکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتەکانی دژیان، شوێنی زیندانیکران و دۆخی جەستەیی ئەم دوو برایە لەلایەن ناوەندەکانی ئەمنی و دادوەری کۆماری ئیسلامی ڕانەگەیەندراوە.
بەدواداچوونی بنەماڵە و کەسوکاری میلاد و میساق سەیدمورادی تا ئێستا بێئەنجام ماوە و ئەمەش نیگەرانی ئەوانی لەبارەی سەلامەتی و چارەنووسیان زیاتر کردووە.

