
هاوکات لەگەڵ ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن، دامەزراوەیەک بە ناونیشانی «ئەنجومەنی هاوپشتی نێودەوڵەتی ژنان» بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک دامەزراندن و دەستپێکردنی چالاکییەکانی ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەی ڕاگەیاندنی دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنەدا، کە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمە بەرانبەر لەگەڵ ٨ی مارسی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، جەختکراوەتەوە کە بارودۆخی ئێستای ئێران و جیهان، لەوانە پەرەسەندنی شەڕەکان، قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها بەردەوامی سەرکوت و هەڵاواردن، پێویستی ڕێکخستن و پشتیوانی نێوان ژنان و هێزە ئازادیخوازەکانی لە هەموو کاتێک زیاتر زەقکردۆتەوە.
لە بەشێک لەم ڕاگەیاندنەدا هاتووە: «لە بارودۆخێکدا کە ئێران و جیهان ڕووبەڕووی شەڕ، قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەرکوتی فراوان بوونەتەوە و ملیۆنان ژن و مرۆڤی ژێر ستەم لە بەرامبەر توندوتیژی، جیاکاری و سنووردارکردنی بنەڕەتین، هەشتی مارسی ئەمساڵ زیاتر لە هەر کاتێکی تر وەربیرهێنەرەوەی پێویستی ڕێکخستن، پشتیوانیی چالاکانەی نێوان ژنان و هێزە ئازادیخوازەکانە.»
دامەزرێنەرانی ئەم ئەنجومەنە ڕاگەیاندووە کە ئەم دامەزراوەیە بە ئامانجی دروستکردنی تۆڕێک لە هاوکاری و پشتیوانی نێوان چالاکانی مافی ژنان و هێزە یەکسانیخوازەکان لە ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا دامەزراوە. لە دەقی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە بەرگریی تاکەکەسی و تێکۆشانی پرش و بڵاو ناتوانێت گارەنتی کاری گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی بێت، و تەنیا لەڕێگەی دروستکردنی دامەزراوە سەربەخۆ و رێکخستنی بەکۆمەڵ دەکرێت دەنگی ژنان و کۆمەڵانی ژێرستەم بکرێتە هێزێکی کاریگەر.
لە درێژەی ئەم ڕاگەیاندنەدا، دەستپێکردنی چالاکی فەرمی ئەم دامەزراوەیەدا بەمجۆرە ڕاگەیاندراوە: «لە وەڵامدانەوە بەم پێویستییە و بە ئیلهامگرتن لە خەباتی مێژووی و سەردەمییانەی ژنان، ئێمە کۆمەڵێک لە چالاکانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز دەستپێکردنی «ئەنجومەنی هاوپشتی نێودەوڵەتی ژنان»ڕادەگەیەنین.»
لەسەر بنەمای ئەم ڕاگەیاندنە، ئەنجومەنی
هاوپشتی نێودەوڵەتی ژنان خۆی وەک دامەزراوەیەکی «سەربەخۆ، دیموکراتیک و ناحیزبی» ناساندووە و جەختی کردۆتەوە کە سەر بە هیچ ڕەوت و حیزبێکی سیاسی نییە و بەستێنێکە بۆ هاوکاری چالاکان و ئەو توێژەرانەی کە باوەڕیان بە یەکسانیی تەواوی مافی ژنان و سڕینەوەی هەرجۆرە هەڵاواردنێکە.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیاندنەدا پێداگری لەسەر دژایەتی ئەم ئەنجومەنە لەگەڵ هەرجۆرە جیاکاری و توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز، گرایشی ڕەگەزی، ناسنامە یان دەربڕینی ڕەگەزی، میللەت، نەژاد، کولتوور یان چینی کۆمەڵایەتی جەختکراوەتەوە. لە دەقەکەدا هاتووە کە «ئازادی ژنان بەبێ بەڕەسمیەت ناسینی تەواو و بێ شەرت و مەرجی مافی کۆمەڵگای پەلکەزێرینەکان و ڕێزگرتن لە جۆراوجۆریی ناسنامەیی و ڕەگەزی ئیمکانی نییە.»
ئەم ئەنجومەنە هەروەها پشتیوانی نێوان ژنان، چالاکانی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵەی پەلکەزێرینەکان وەک هۆکارێکی گرنگی بەرەو پێشبردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی زانیوە و لەسەر پێویستی پاراستنی مافی ژیانی ئازاد، یەکسان و دوور لە توندوتیژی بۆ هەموو مرۆڤەکان جەختی کردۆتەوە.
لەسەر بنەمای ئەم بڵاوکراوەیە، ئەنجومەنی هاوپشتی نێودەوڵەتی ژنان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی چالاکیی خۆیدا چەند خاڵی سەرەکی دەخاتە دەستووری کارییەوە کە لەوانە دەکرێت ئاماژە بە پەرەدان بە تۆڕی جیهانیی هاوپشتی نێوان چالاکانی بزووتنەوەی ژنان و هاوڕەگەزخوازان، پشتیوانی لە خەباتی ئێستا دژ بە هەڵاواردن و یاسا نایەکسانەکان، بەهێزکردنی هاوکاری نێوان بزووتنەوە ئازادیخواز و خۆشکردنی بەستێنی گۆڕینەوەی ئەزموون، فێرکردن و بەهێزکردنی چالاکان بکرێت.
لە کۆتاییدا ئەم ڕاگەیاندنەدا داوا لە چالاکانی مافی ژنان، هەڵسوراوانی کۆمەڵایەتی و هێزە ئازادیخوازەکان دەکرێت کە بە پەیوەستبوون بەم ئەنجومەنە و بەشداری لە چالاکییەکانیدا، دەوری بەرچاویان هەبێت لە بەهێزکردنی هاوپشتی جیهانی بۆ ئازادی، یەکسانی و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی. لە کۆتایی ئەم ڕاگەیاندنەدا جەختکراوەتەوە کە «هاوپشتی ژنان و پەلکەزێرینەکان، هێزێکی کاریگەر بۆ بنیاتنانی جیهانێکی ئازاد، یەکسان و ئینسانی ترە».

