بڕیاری دەستبەسەرکرانی “چیاکۆ ڕەزایی”، وەرزشکاری خەڵکی شاری سنە، بۆ چوارەمین جار لەلایەن ناوەندی ئەمنی و دادوەرییەوە نوێکرایەوە، لەکاتێکدا زیاتر لە ١١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەریی ناوبراو لە ژووری تاکەکەسی گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە تێپەڕیوە و هێشتا هیچ زانیارییەک لە دۆخی جەستەیی و یاسایی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بڕیاری دەستبەسەرکرانیی چیاکۆ ڕەزایی وەرزشکاری خەڵکی شاری سنە پێشتر تا ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤ بڕواپێکراوبوو، بە کۆتاییهاتنی ئەم مۆڵەتە نەک تەنیا ناوبراو ئازادنەکراوە، بەڵکو بەبێ ڕوونکردنەوەی یاسایی، جارێکی دیکە تا ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ درێژکراوەتەوە. درێژکردنەوەی بەردەوام و ناڕوونی ئەم بڕیارە، نیگەرانییەکانی لەبارەی دادگایی دۆسیەکە و چارەنووسی ناوبراو زیادی کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بنەماڵەی چیاکۆ ڕەزایی لەکاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی دیاریکراویان لەبارەی بارودۆخی یاسایی کوڕەکەیان وەرنەگرتووە و سەرەڕای ڕۆشتنی دووبارەیان بۆ ناوەندەکانی ئەمنیەتی و یاساییەکان، داواکارییەکانیان بە بێدەنگی و وەڵامنەدانەوە ڕووبەڕووبووەتەوە. لە بەردەوامی ئەم پرۆسەیەدا، پێشتر بە بڕیاری دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەن بۆ ئازادیی چیاکۆ ڕەزایی دەرچووبوو، بەڵام سەرەڕای ئامادەبوونی مەرجەکان، ئەم بڕیارە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و ناوبراو هێشتا لە بەندیخانەدایە، کارێک کە لەسەر تاریکییە یاساییەکانی پەڕگەکە زیادی کردووە.
“چیاکۆ ڕەزایی” لە چواردەی خەرمانانی ١٤٠٤، بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە.

