کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەکانی سەر سنوور ،لە سنووری هەنگەژاڵی بانە کوژرا.
![](https://ku.kolbarnews.com/wp-content/uploads/2023/08/کوژرانی-کۆڵبەرێک-لە-سنووری-بانە-1024x606.jpg)
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز،ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژی١٤٠٢،کۆڵبەرێکی خەڵکی نەڵاس سەر بە شاری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنووریەکان کوژرا.
ناسناوی ئەو کۆڵبەرە ،ئەرسەلان ڕەسووڵی ٢٩ساڵ تەمەن و خەڵکی نەڵاسی سەر بە شاری سەردەشتە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە،ئەرسەلان ڕەسووڵی ،لە مەودای نزیکەوە و لە بەشی سەریەوە تەقەی لێکراوە.
شایانی باسە کە تەرمی ئەو کۆڵبەرە ئێستا لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی شاری بانەیە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا لە کۆلبەر نیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٦١ کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان ڕێگاکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم گیانیان لەدەستداوە . لەم کۆی گشتییە، ١١ کۆلبەر (١٨%) کوژراون و ٥٠ کۆلبەر (٨٢%) بریندار بوون.
لە کۆی گشتی ئەو ٦١ کۆلبەرەی کە کوژراون و بریندار بوون، ٤٢ حاڵەت (٦٩%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.