«فەرشید شێکەرسۆخەن»، گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، ناسنامەی یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانە کە لە کاتی سەرکوتکردنی سەرشەقامدا گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، فەرشید شێکەرسۆخەن لە ناوچەی “پشتی مزگەوتی گەورە”ی شاباد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگیی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەریدا کرایە ئامانج و لە هەمان شوێن گیانی لەدەستدا. تەرمی ئەم گەنجە تەمەن ٢٠ ساڵە ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ئارامگەی “ئیمامزادە حەسەن”ی شاباد بەخاکسپێردرا.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، فەرشید شێکەرسۆخەن خوێندکاری قۆناغی کارناسی بووە و لە تەنیشت خوێندندا، وەک وەرزشوانی زۆرانباری چالاکی کردووە و توانیبووی چەند میدالیایەکی وەرزشی بەدەستبهێنێت.
دوای گیانبەختکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، هێزە ئەمنییەکان بە دانانی فشار لەسەر بنەماڵە، هەوڵیان داوە پرۆسەی ئاگاداری و بەڕێوەبردنی مەراسیمی بەخاکسپاردنی ناوبراو سنووردار بکەن و ئاگاداریان دەربارەی میدیایی نەکردنی ئەم ڕووداوە بە خێزانەکەی داوە.

