
لە کاتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە تاران، گەنجێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان گیانی لەدەستدا. سەید میلاد حوسێنی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شارستانی داڵاهۆ، لە فازی یەکی شاری ئەندێشە کرایە ئامانج و کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، سەید میلاد حوسێنی، هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی زەردەی سەر بە شارستانی داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان، لە کاتی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی خەڵک لە فازی یەکی شاری ئەندێشەی تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانی لەدەستدا.
سەید میلاد حوسێنی پەیڕەوی ئایینی یارسان بوو. ناوبراو دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دیپلۆم، خولی پسپۆڕیی “جۆشکاری ئارگۆن” و کارکردن لەگەڵ ئامێرەکانی هەڵکەندنی (حەفارە) تەواو کردبوو و لەو بوارەدا کاری دەکرد.
تەرمی ئەم هاووڵاتییە لە گوندی “دێ جامی بێونیج”ی سەر بە شارستانی داڵاهۆ بە خاک سپێردرا.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی ڕادەستکردنەوەی تەرمی گیانبەختکردووان بە بنەماڵەکانیان، لە ڕێگەی گوشاری ئەمنی و سنووردارکردنی بەربڵاو، هەوڵیان داوە ڕێگری لە بەڕێوەچوونی مەراسیمی گشتی بکەن و کەشێکی پڕ لە هەڕەشە و کۆنترۆڵیان بەسەر بنەماڵەکاندا سەپاندووە.

