«نەریمان ڕەندانی»، چالاکوانی مەدەنی خەڵکی شاری سەقز بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازادکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، نەریمان ڕەندانی، چالاکوانی مەدەنی و میدیایی خەڵکی شاری سەقز، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەیەکی کاتی و تا کۆتایی پرۆسەی دادگاییەکەی لە زیندانی ئەم شارە ئازادکرا.
ئەم چالاکوانە مەدەنییە پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سنە، لە قەرارگای «شەهرامفەر»، بۆ زیندانی شاری سەقز گواسترابوویەوە.
نەریمان ڕەندانی، تەمەن ٣٥ ساڵ برای میلاد ڕەندانی، تەمەن ٣٠ ساڵ ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ڕۆژێک دوای مانگرتنی گشتی کاسبکاران لە شارەکانی کوردستان لە ناڕەزایەتی دژی سزای لەسێدارەدان، بەبێ بڕیاری دادوەر لە شاری سەقز دەستبەسەرکران.
ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، کاسبکاران لە شارەکانی کوردستان وەکو سنە، سەقز، کامێران، دیواندەرە، مەریوان و بۆکان، لە ناڕەزایەتی دژی سزای لەسێدارەدان، چالاکییەکانی خۆیان ڕاگرت و دەستیان بە مانگرتن کرد.