هۆشیار شەعبانی، چالاکیی مەدەنی و کۆمەڵایەتی شاری بانە پاش برینداربوونی لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤، هۆشیار شەعبانی چالاکیی مەدەنی و کۆمەڵایەتی شاری بانە پاش برینداربوونی لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزەکانی ڕژیم بە جلی تایبەتی و بەبێ بڕیاری دادوەر هێرشیان کردە سەر گوندی «کانی سوور»، شوێنی مانەوەی هۆشیار شەعبانی و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هۆشیار شەعبانی پاش بینینی هێزەکانی ڕژیم ڕایکردووە، دواتر هێزەکانی ڕژیم تەقەیان لە ناوبراو کردووە و ناوبراو لە لاقی بە سەختی بریندارکردووە.
شایانی باسە هۆشیار شەعبانی پێشتر بەهۆی چالاکییەکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی خۆیەوە بانگهێشتکراوە، لێپرسینەوەی لێکراوە و دەستبەسەرکراوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، شوێنی مانەوە و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاووڵاتییە نادیارە.

