
مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتیی تەمەن ۵۸ ساڵەی خەڵکی بۆکان، لەلایەن لقی ۱۰۱ی دادگای دووی ئەم شارە بە تۆمەتی «بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی» بە سێ مانگ بەندکردنی تەعزیریی سزادرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سزاکە ڕۆژی دووشەممە ۲۰ی گەلاوێژی ١٤٠٥ بە فەرمی بە مەنیژە خۆشنوود ڕاگەیەندراوە. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ٥ جۆزەردانی ١٤٠٥، لە کاتی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزەکانی ڕژێم و بەبێ بڕیاری دادوەری دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکردنی، بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتووخانەیەکی ورمێ کرابوو.
هێزەکانی ڕژێم لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، لاپتۆپ، مۆبایل و ژمارەیەک لە کتێبەکانی دەستبەسەر داگرتبوو.
مەنیژە خۆشنوود دوای بەرگەگرتنی ١٥ ڕۆژ دەستبەسەری و لێکۆڵینەوە، بە دانانی بارمتەی دوو ملیار تمەنی بە کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە پێشتریش لە ڕۆژی چوارشەممە ۱۰ی گەلاوێژی ١٤٠٣، لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ خەرمانانی ١٤٠٣ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانیی بۆکان گوازرایەوە و ڕۆژێک دواتر، پێنجشەممە ١٥ خەرمانان، بە دانانی بارمتە بە کاتی ئازاد کرا.
مەنیژە خۆشنوود دواتر لەلایەن لقی ۱۰۱ی دادگای دووی بۆکان بە تۆمەتی «بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی» بە ۱۰ مانگ زیندانیی تەعزیریی سزادرابوو. ئەم سزایە ڕۆژی شەممە ۲۱ی ڕەزبەری ١٤٠٣ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا بوو.

