
شیرین مەسعودی، چالاکوانی مەدەنی خەڵکی مەهاباد و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی «ڕاژان»ی ئەم شارە، لە کاتی هێرشکردنە سەر شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ بڕیاری دادگا هێرشکردنە سەر ساڵۆنی جوانیی شوێنی کاری شیرین مەسعودی لە نزیک «پردی قانع» لە مەهاباد و بە توندوتیژی دەستبەسەریان کردووە.
دوای گواستنەوەی ئەم چالاکوانە مەدەنییە بۆ ورمێ، بنەماڵەکەی بە سەردان و بەدواداچوونی بەردەوام، داوای زانیارییان لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی کردووە؛ بەڵام دەزگای ئەمنی و دادوەریی تا ئێستا وەڵامی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو نادەنەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی دژ بە شیرین مەسعودی لە بەردەستدا نییە. هەروەها ناوبراو تا ئێستا لە مافی پارێزەر و پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

