
نەدا دەدەجانی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی قوروە و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوو ساڵ دوورخرانەوەی بۆ شاری نێکشار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، نەدا دەدەجانی هونەرمەندی کوردی خەڵکی قوروە، لەلایەن دادگای شۆڕش و دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی سزای سێ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوو ساڵ دوورخرانەوەی بەسەردا سەپێندراوە، کە بەپێی سزاکان، دوو ساڵ لە زیندانییەکەی جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دادگای شۆڕش ئەم هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پشتیوانی دژی ئاسایشی ناوخۆیی وڵات» بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری سزادراوە. هەروەها دادگای تاوانەکانیش بە تۆمەتی «تێکدانی ڕێسا و ئاسایشی گشتی» سزای ساڵێک زیندانیی تەعزیری و دوو ساڵ دوورخرانەوەی بۆ شاری نێکشار بەسەردا سەپاندووە.
نەدا دەدەجانی یەکێکە لە هونەرمەندە ناسراوەکانی بواری شانۆ، کە پێشتر لە هەشتەمین فێستیڤاڵی شانۆی ناوچەیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا، سەرکەوتووبووە لە بەدەستهێنانی خەڵاتی هەڵبژێردراوی بووکەڵەگرتنی شانۆیی و خەڵاتی یەکەمی دیزاین و دروستکردنی بووکەڵە، هەروەها خاوەنی ئەزموونی چالاکییە وەک دیزاینەری جلوبەرگ و گریمی تابلۆ و بەرهەمە شانۆییەکان.

