
سەنعان فەراسەتی و ڕەحمان ئازەرخەش، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠٥، سەنعان فەراسەتی، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا.
هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەرمانانی ١٤٠٥، ڕەحمان ئازەرخەش، تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی ئاواییی سۆفیان سەر بە شاری شنۆ، بەهۆی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی ڕژێم لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ ماڵی ڕەحمان ئازەرخەش بە ترس و تۆقاندن دەستبەسەریان کردووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکان، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی ئەم دوو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ زانینی چارەنووسیان تا ئێستا بێئەنجامە.

