قوروە؛ جێبەجێکردنی سزای لێدانی قامچی بۆ نەدا دەدەجانی و ستایش سەرابی و گواستنەوەیان بۆ زیندانیی ناوەندی سنە

​سزای لێدانی قامچی بۆ نەدا دەدەجانی و ستایش سەرابی، دوو چالاکوانی ژنی خەڵکی قوروە و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لە دادگای قوروە جێبەجێکرا و ئەم دوو ژنە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزای زیندانییان، بۆ زیندانی ناوەندی سنە گوازرانەوە.

​بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٥، نەدا دەدەجانی و ستایش (بێهنۆش) سەرابی دوای بانگێشتیان بۆ دادگای سزاکانی قوروە، بە چوونە ناو ئەم دادگایە دەستبەسەرکران. سزای لێدانی قامچی کە بۆیان دەرچووبوو لە هەمان شوێن جێبەجێ کرا و پاشان هەردووکیان بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزای زیندانییان بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندی سنە گوازرانەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم دوو چالاکوانە پێشتر بۆ جێبەجێکردنی سزاکەیان داوای پێبەندی ئەلیکترۆنییان کردبوو، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان سەبارەت بەم داواکارییە وەرنەگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، سزای زیندانیی و لێدانی قامچییەکەبان جێبەجێ کراوە.

​نەدا دەدەجانی، هونەرمەند، بووکەڵەجووڵێن، ئەندازەری پۆشاک و جوانکاری شانۆیە و پێشتر خەڵاتی هەڵبژێردراوی بووکەڵەجووڵاندن و ئەندازەی بووکەڵەی لە هەشتەمین فێستیڤاڵی ناوچەیی شانۆی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان وەرگرتووە. ناوبراو لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە قوروە لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کرابوو.

​ستایش (بێهنۆش) سەرابی یەکێکی دیکەیە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە قوروە لە ئەم ناڕەزایەتییانەدا لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کرابوو.

​پێشتر لقی ١٠٢ی دادگای سزاکانی دووی قوروە، هەر یەک لەم دوو چالاکوانەی بە تۆمەتی “تێکدانی ئارامی و ڕێکخستنی گشتی” بە ساڵێک زیندانیی، ٣١ لێدانی قامچی و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری نیکشار لە پارێزگای سیستان و بەلۆچستان سزا دابوو.

​هەروەها لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی قوروە، هەر یەک لەوانی بە تۆمەتی “گردبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆیی” بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری سزا دابوو.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ئاسمانئاوا؛ یونس بەکری، یاسر هەواسی و ڕووحەڵڵا غوڵامی دەستبەسەرکران

س آگوست 25 , 2026
​یونس بەکری، یاسر هەواسی و ڕووحەڵڵا غوڵامی، سێ گەنجی خەڵکی ئاسمانئاوای سەر بە شاری چەرداوڵ لە پارێزگای ئیلام، بەبێ بڕیاری دادگا لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە. ​بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە دووی خەرمانانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژێم بە سەردانیکردنی شوێنی ئامادەبوونی ئەم سێ هاووڵاتییە، بەبێ بڕیاری […]

بابەتی پەیوەندیدار