
بە تێپەڕبوونی ١٦ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی «هێمن حوسێنی»، هاوڵاتی شاری سەقز و زیندانیی سیاسیی پێشوو، هێشتا هیچ زانیارییەکی دروست لەبارەی دۆخ، شوێنی دەستبەسەرکران و چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە و ئەم بێ ئاگاییە نیگەرانیی جدیی خێزانەکەیی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گوڵانی ١٤٠٤، هێمن حوسێنی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، پاش بانگهێشتکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر و بەبێ پێدانی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەدواداچوونی بەردەوامی خێزانی ئەم هاوڵاتییە بۆ زانینی دۆخی یاسایی، تۆمەتە ئەگەرییەکانی دژی و شوێنی دەستبەسەرکرانی تاکو ئێستا بێئەنجام ماوەتەوە و دامەزراوە ئەمنییەکان لە پێدانی هەر وەڵامێکی ڕوون لەمبارەیەوە خۆ دەپارێزن.
هێمن حوسێنی پێشتریش لەبەر چالاکییەکانیی چەندین جار لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و دوایین جار لە بەفرانباری ١٤٠٤ دەستبەسەرکرا و لە دوای ماوەیەکی کورت ئازاد کرابوو، بەڵام ئێستا دووبارە لە دوای ماوەیەکی کورت لە ئازادکرانی، دووبارە دەستبەسەرکراوە.
ئەم هاوڵاتییە لە ساڵانی ڕابردوودا لانی کەم دوو جاری دیکەیش رووبەڕووی بڕیاری دادگایی بوووتەوە و سزای زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و لە دوای تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز ئازاد کرابوو.
