بەیان فەرەجوڵڵایی، لە چالاکوانانیی مافی ژنان لە سنە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەیانی یەکشەممە چواردەی بەفرانباری ١٤٠٤، بەیان فەرەجوڵڵایی، چالاکوانیی ژنان خەڵکی سنە، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لەم شارەدا دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. تاکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە دۆخ و چارەنووسی ناوبراو نادیارە.
بەیان فەرەجوڵڵایی، پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی دژبەری ڕژیم» سزادراوە و پاش سێ دانیشتنی دادگا و دووجار بانگهێشت و لێپرسینەوە، لەلایەن ئەم دادگایە بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری سزادرابوو. بەیان فەرەجوڵڵایی، پێشتر بۆ دەرچوونی سزاکەی، هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە. ناوبراو لە کۆتا دانیشتنی دادگایی گوتی؛ «دادوەر بە پارێزەرەکانی جەوانمیر عەبدوڵڵایی و مازیار تاتایی» مۆڵەتی گفتوگۆ و بەرگری لە منی نەداوە و من بەتەنیایی و بەبێ پارێزەر بەرگریم لەخۆم کردووە».
بەیان فەرەجوڵڵایی لە ڕۆژی دووشەممە ٢٦ پووشپەڕی ١٤٠٢، بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ماڵەکەی و بەبێ مۆڵەت و بڕیاری دادوەر دەستبەسەرکرا و پاش ٤١ ڕۆژ زیندانیی تاکەکەسی لەژێر فشاری دەروونی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی دەرەوەی وڵات سزادرابوو.

