مەشهەد؛ سزادانی سپیدە قۆلیان بە زیندانی تەعزیری و هەڵپەسێردراو

سپیدە قۆلیان، چالاکی کرێکاری و مەدەنی و بەندکراوی سیاسی پێشوو کە لە ئێستادا لە بەندیخانەی وەکیلئاوای مەشهەد دەستبەسەرە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای زیندانی تەعزیری و هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا؛ هاوکات ڕاپۆرتەکان باس لە زیادبوونی گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەکەی دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سپیدە قۆلیان لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەشهەدەوە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو دۆسیەیەی کە لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم دواییانەدا بۆی کرابووەوە، سزای شەش مانگ زیندانی تەعزیری و پێنج ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی (تعلیقی) بەسەردا سەپێندرا.
ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٤، لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمێک بۆ “خەسرەو عەلیکوردی” پارێزەری دادگا، لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی ژن لەوانە نێرگز محەمەدی، عالیە مەتڵەبزادە، پۆران نازمی و هەستی ئەمیری لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەکەی، سپیدە قۆلیان لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکاندا لە مافی یاسایی “مەرەخەسیی لکاو بە ئازادی” بێبەش کراوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی دۆخی قەیراناوی و باری جەنگیی وڵاتەوە، زۆرێک لە بەندکراوان ئەو مافەیان پێدراوە، بەڵام ڕێگری لە ناردنی ناوبراو بۆ مەرەخەسی کراوە.
لە درێژەدا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە توندبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە دەکەن و لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا باوک و برای ناوبراو چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.
سپیدە قۆلیان کە پێشتریش چەندین ساڵ لە تەمەنی لە دەستبەسەری و بەندیخانەدا بەسەر بردووە، لە ئێستادا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی وەکیلئاوای مەشهەد (بەندی ٦) لە دۆخێکی نەگونجاو و لەژێر گوشارێکی زۆردا ڕاگیراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٤، سپیدە قۆلیان دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ئەوین ئازاد کرابوو. ناوبراو بە گشتی دوو ساڵ و دوو مانگ و ٢٦ ڕۆژی لە زیندان بەسەر بردبوو.
خانمی قۆلیان لە خاکەلێوەی ١٤٠٢دا، دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک کە تێیدا ڕەخنەی توندی لە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران گرتبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و لە کۆتاییدا بە تۆمەتی “سووکایەتیکردن بە ڕێبەری” سزای دوو ساڵ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتریش لە ڕێکەوتی شەممە ٢٤ی ڕەشەممەی ١٤٠١دا، چەند کاتژمێرێک دوای ئازادبوونی بەهۆی دەرچوونی “بەرنامەی لێبوردنی گشتی”، لە ڕێگەی تاران بۆ دێزفوول دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتڵاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئەوین گوازرایەوە. ناوبراو لە ڕێکەوتی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی هەمان ساڵدا بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە گوازرایەوە.
ناوبراو پێشتریش بەهۆی چالاکییە مەدەنی و کرێکارییەکانییەوە سوابقی دەستبەسەرکردن و سزادانی هەبووە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سەقز؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنیی عەبدوڵڵا مەهجوور و سالار ئازەر

چ آوریل 22 , 2026
عەبدوڵڵا مەهجوور و سالار ئازەر، بە تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیاندا، هێشتا لە دۆخێکی نادیاردا دەژین و هیچ زانیارییەک دەربارەی شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخیان لەبەردەستدا نییە. بەردەوامیی ئەم بێدەنگییە نیگەرانیی جدیی دەربارەی دۆخی جەستەیی و ئەمنیی ئەم دوو کەسە دروست کردووە.بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، عەبدوڵڵا […]

بابەتی پەیوەندیدار