سەقز؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنیی عەبدوڵڵا مەهجوور و سالار ئازەر

عەبدوڵڵا مەهجوور و سالار ئازەر، بە تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیاندا، هێشتا لە دۆخێکی نادیاردا دەژین و هیچ زانیارییەک دەربارەی شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخیان لەبەردەستدا نییە. بەردەوامیی ئەم بێدەنگییە نیگەرانیی جدیی دەربارەی دۆخی جەستەیی و ئەمنیی ئەم دوو کەسە دروست کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، عەبدوڵڵا مەهجوور و سالار ئازەر، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دوای چوونە دەرەوەیان لە ماڵ، دەستبەسەر کران. سالار ئازەر تەمەنی ٣٦ ساڵ و عەبدوڵڵا مەهجوور تەمەنی ٥٩ ساڵە و ئەم دوو کەسە خزمایەتییان لە نێواندا هەیە.
لەگەڵ تێپەڕبوونی ٢٧ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیاندا، ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکان، لەوانە ئیتڵاعاتی سوپا و داواکاری گشتیی سەقز، لە پێدانی هەر جۆرە ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە خۆیان دەپارێزن. ئەمە لە کاتێکدایە کە شایەتحاڵەکان، دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانەیان لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە پشتڕاست کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، دوای دەستبەسەرکردنیان، مۆبایلی ئەم دوو هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و تەنانەت وەڵامی هەندێک لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیشیان دراوەتەوە؛ کارێک کە گومان و نیگەرانییەکانی دەربارەی دۆخی ئەوان زیاتر کردووە.
دەوترێت عەبدوڵڵا مەهجوور نەخۆشیی درێژخایەن و کەمئەندامیی هەیە و پێشتریش سوابقی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدرانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەبووە. سەرەڕای ئەمانە، تا ئێستا هیچ ناوەندێک بەرپرسیارێتیی فەرمیی دەستبەسەرکردن و ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییەی نەگرتووەتە ئەستۆ.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سەقز؛ دەستبەسەرکردنی ئاکۆ سوڵتانی و بەردەوامیی بێسەروشوێنیی ناوبراو

چ آوریل 22 , 2026
ئاکۆ سوڵتانی، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە.بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، ئاکۆ سوڵتانی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، دوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ سەر ماڵەکەی، […]

بابەتی پەیوەندیدار