
ئاکۆ سوڵتانی، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، ئاکۆ سوڵتانی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، دوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ سەر ماڵەکەی، بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، ئەم هاووڵاتییەیان بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەر کردووە و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکان گواستووەتەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی سوڵتانی ڕایگەیاندووە کە ئەو تۆمەتەی ئاراستەی کراوە بریتییە لە “بەکارهێنانی کەرەستەکانی ئینتەرنێتی مانگیی ستارلینک”.
لەگەڵ تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا، هەوڵەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی بێ ئەنجام ماوەتەوە و هێشتا بێسەروشوێنیی ڕەها دەربارەی چارەنووسی ناوبراو بەردەوامە.

