
فەریاد فەتحی، هاووڵاتییەکی تەمەن ۲۰ ساڵەی خەڵکی گوندی گوڵانەی سەر بە شاری دیواندەرە، دوای ساڵانێک لە ئازاری جەستەیی و ئازاری بەجێماوی قۆناغی دەستبەسەرکرانی لە کاتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، فەریاد فەتحی، هاووڵاتیی تەمەن ۲۰ ساڵانی خەڵکی گوندی گوڵانە لە شاری دیواندەرە کە لە کاتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا دەستبەسەر کرابوو، دوای چەند ساڵ لە تووشبوون بە کێشەی جەستەیی و نەخۆشییەکانی سەردەمی دەستبەسەرکرانی، گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکان، فەریاد فەتحی لە ماوەی دەستبەسەرکردندا ڕووبەڕووی لێدان و ئازار و ئەشکەنجە ببووەوە و بەو هۆیەوە تووشی برینداریی جەستەیی و کێشەی جددیی گورچیلە بوو. بارودۆخی جەستەیی ناوبراو لە ساڵانی دوای ئازادبوونی هەروا نالەبار بوو و لەژێر چاودێری و چارەسەری پزیشکیدا بوو.
بەردەوامیی نەخۆشییەکە و خراپتربوونی کێشەکانی گورچیلەی، بە تێپەڕبوونی کات باری تەندروستیی ئەم هاووڵاتییەی تێکدا و لە کۆتاییدا بووە هۆی گیان لەدەستدانی.
گیانلەدەستدانی فەریاد فەتحی جارێکی دیکە نیگەرانییەکان لەسەر دەرئەنجامەکانی جەستەیی و درێژخایەنەکانی ڕەفتاری توندوتیژانە بەرامبەر دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا خستەوە سەر زاران؛ ئەو کەسانەی کە ژمارەیەکیان دوای ئازادبوون ئازاری سەردەمی دەستبەسەرکرانیان هەبووە.
شاری دیواندەرە لە ڕۆژانی سەرەتای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا مەیدانی خۆپێشاندانی بەربڵاو بوو و هێزەکانی ڕژێم لە کاتی سەرکوتکردنی ئەم خۆپێشاندانانەدا، دەستیان دایە دەستبەسەرکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕازییان.

