حەکیم مەحموودی، کۆڵبەری خەڵکی شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری ئەم شارە بریندارکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە یەکی گەلاوێژی ١٤٠٤، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری مەریوان بە ئاڕاستەی کۆڵبەران تەقەیان کردووە و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە سەختی بریندارکرا. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “حەکیم مەحموودی” خەڵکی گوندی “وەیسە”ی سەربە شاری مەریوان بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.

