سزای لەسێدارەدانی ڕزگار بەیگزادە بابامیری، پژمان سوڵتانی، عەلی (سۆران) قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور سەلیمی بابامیری، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێ دەرچووبوو، لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، دیوانی باڵای وڵات سزای لەسێدارەدانی پێنج دەستبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری ١٤٠١، هەڵوەشاندەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە دۆسیەی ڕزگار بەیگزادە بابامیری، پژمان سوڵتانی، عەلی (سۆران) قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور سەلیمی بابامیری، بۆ دووبارە دادگایی بۆ دادگای شۆڕشی مەهاباد نێردرایەوە.
شایانی باسە کە لە نێوان ئەم هاوڵاتییانەدا تەیفوور سەلیمی بابامیری، پاش ئازادیی کاتی، ئێرانی جێهێشتووە.
ئەم پێنج هاوڵاتییە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ بە لەسێدارەدان و زیندان سزادرابوون. تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییانە وەکو «بەغی، شەڕەنگێزی، ڕێبەرایەتی و ڕێکخستنی کۆمەڵەی تاوانکاری دیکە» ڕاگەیەندرابوو و بەپێی سزاکانی دەرچوو، چوار کەسیان بە زیاتر لە جارێک لەسێدارەدان سزادران. سزاکانی دەرچوو لە ڕۆژی دووشەممە شازدەی پووشپەڕ بە پارێزەرەکانیان ڕاگەیەندراوە.
لەم نێوانەدا، عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی هەر یەکێکیان بە تۆمەتی «بەغی، شەڕەنگێزی، ڕێبەرایەتی و ڕێکخستنی کۆمەڵەی تاوانکاری دیکە» بە سێ جار لەسێدارەدان، ڕزگار بەیگزادە بابامیری بە دوو جار لەسێدارەدان و تەیفوور سەلیمی بابامیری بە تۆمەتی «ڕێبەرایەتی و ڕێکخستنی کۆمەڵەی تاوانکاری دیکە» بە لەسێدارەدان سزادران. سەرەڕای ئەمەش، بۆ هەشت تاوانباری دیکەی ئەم دۆسیەیە سزاکانی زیندان و سزای نەقدی دەرچووبوو.
پژمان سوڵتانی، ڕزگار بەیگزادە بابامیری، کاوە ساڵحی و عەلی (سۆران) قاسمی ئێستا لە زیندانیی ورمێ زیندانیی کراون. ئەم هاوڵاتییانە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی ئەمنی» هەرسێکیان بە لەسێدارەدان، ١٥ ساڵ زیندان و ١٠ ساڵ زیندان سزادران.
پژمان سوڵتانی، ڕزگار بەیگزادە بابامیری، عەلی (سۆران) قاسمی و کاوە ساڵحی لە خاکەلێوەی ١٤٠٢ و تەیفوور سەلیمی بابامیری لە ڕەشەممەی ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکران. تەیفوور سەلیمی بابامیری پاش نزیکەی ١٨ مانگ دەستبەسەرکران ئازادکرا.

