لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتنی کرێکارانی کۆمپانیای خاورمیانە لە شاری شوش، لانیکەم پێنج کرێکاری ناڕەزا لەلایەن پۆلیسی ئەمنی بانگهێشت و دەستبەسەرکران.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتنی کرێکارانی کۆمپانیای قەندی خاورمیانە لە شاری شوش، لانیکەم پێنج کرێکاری ناڕەزا لەلایەن پۆلیسی ئەمنی بانگهێشت و دەستبەسەرکران. بەپێی ڕاپۆرتەکان، موسلیم زەهیری، مەسعود میهرابی، کەریم ڕەزایی، مەحموود ئال کەسیر و حسێن خەسافپوور لەم مانگرتنەدا دەستبەسەرکران.
لە کاردانەوەی ئەم دەستبەسەرییەدا، کۆمەڵێک لە کرێکارانی کۆمپانیای قەندی خاورمیانە لە بەرامبەر بینای هێزەکانی ڕژیم لە شوش گردبوونەوە، داوای ئازادیی خێرا و بێ مەرجی هاوکارانیی دەستبەسەرکراویان دەکەن. کرێکارانی ناڕەزا ڕایانگەیاند کە دەستبەسەریی ئەم کرێکارانە بەهۆی سکاڵای بەڕێوەبەری کۆمپانیا و بۆ فشاری مانگرتووان ئەنجامدراوە.
کرێکاران هۆشداریانداوە لە بەردەوامی دەستبەسەرییەکان و گرنگینەدان بە داواکاری سەندیکاکان، ناڕەزایەتییەکان فراوانتر دەبن. ئەمە لەکاتێکدایە کە مانگرتنی کرێکارانی کۆمپانیای قەندی خاورمیانە سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە هەفتەیەک، هێشتا بەردەوامە و کاردانەوەی فەرمی لەلایەن بەڕێوەبەری کۆمپانیا یان بەرپرسانی ناوچەکە نەبووە.

