
هاووڵاتیەکی خەڵکی مەھاباد بە ناوی «سیاوەش عەزیزیموقەدەم»، نزیکەی ٢٠ ڕۆژ لەمەوپێش لەلایەن ھێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی ناوبراوەوە لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ھێزەکانی ڕژیم بێ نیشاندانی حوکمی دادوەری و بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە ئەم هاووڵاتییە مەھابادییەیان دەستبەسەر کردووە. لەگەڵ تێپەڕبوونی نزیکەی ٢٠ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانیدا، بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو هێشتا لە شوێنی ڕاگرتن، هۆکاری دەستبەسەرکردن، دۆخی جەستەیی و دەروونیی ناوبراو بێئاگان.
بەردەوامیی بێ یاگایی لە چارەنووسی دەستبەسەرکراوان و بێبەشکردنیان لە مافە سەرەتاییەکان، لەوانە: پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و هەبوونی پارێزەر، لە نموونەکانی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ ئەژمار دەکرێت.

