لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە هێڵی سنووری نەوسود، منداڵێکی کۆڵبەر برینداربوو.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٢، “سۆران دانشمێهر” خەڵکی گوندی دێشەی شاری پاوە، بە گوللەی کڵاشینکۆفی پاسەوانی سنووری ڕژێم قاچی برینداربووە.
بە پشتبەستن بە ئاماری لە ساڵی ٢٠٢٣ زایینی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکران، بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگای نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازیەکانی ڕژێم، بەفربارین و بەستەڵەک گیانیان لەدەستداوە، هەنگاونان بەسەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتەکانی دیکە کوژران و بریندارن. لەم کۆی گشتییە ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژران و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندارن، لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆلبەر کە کوژران و بریندارن، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە. هەروەها ٣٠ کەسیان منداڵی خوار ١٨ ساڵن.