ورمێ؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی خۆسەرانە و بێسەروشوێنیی حەدیس حەقیقی

لەگەڵ تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەستبەسەرکردنی حەدیس حەقیقی، بڵۆگەرێکی تەمەن ٢١ ساڵەی کورد و خەڵکی ورمێ، هێشتا هیچ زانیارییەکی ورد دەربارەی دۆخ، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر، هێزە ئەمنییەکان بە هێرشی شەوانە بۆ سەر ماڵی باوکی حەدیس حەقیقی لە ورمێ و بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری، دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنی خۆی و باوکی.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەم هاووڵاتییە کوردە و باوکی لە کاتی دەستبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش کراون و ئەمەش نیگەرانیی جدیی دەربارەی دۆخی ڕاگرتنیان دروست کردووە.
هەروەها بە فەرمانی ناوەندە دادوەرییەکان، لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی حەدیس حەقیقی داخراوە و چالاکییەکانی لە جیهانی مەجازیدا ڕاگیراوە.
بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەی حەقیقی بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو کەسە تا ئێستا بێ ئەنجام بووە و ناوەندە بەرپرسەکان لە پێدانی هەر جۆرە وەڵامێک خۆیان دەپارێزن.
لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوکات لەگەڵ شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل، ژمارەیەک لە بڵاگەرە کوردەکانی ورمێ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و دوای لێپرسینەوە، کەلوپەلە ئەلیکترۆنییەکانیان زەوت کراوە و لە بەردەوامبوونی چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە کراون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک دەربارەی هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە لەوانەیە ئاراستەی حەدیس حەقیقی کرابن، بڵاو نەکراوەتەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

شەڕ؛ گیانلەدەستدانی ٣٤٤ قوتابی و مامۆستا و زیانگەیشتن بە سەدان ناوەندی پەروەردەیی

چ آوریل 22 , 2026
لە ئەنجامی هێرشەکانی پەیوەندیدار بە شەڕەوە، لانی کەم ٣٤٤ قوتابی و مامۆستا کوژراون و ٢٠٣ کەسی دیکەش بریندار بوون، هاوکات سەدان شوێنی پەروەردەیی و کارگێڕیش زیانیان پێگەیشتووە.بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز بە گواستنەوە لە هەرانا، سەرۆکی ناوەندی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند کە لە کاتی ئەم هێرشانەدا، ٣٤٤ کەس لە […]

بابەتی پەیوەندیدار