فەرزانە ڕەشیدی، خوێندکاری خەڵکی شاری بانە پاش دوو مانگ لە دەستبەسەرکرانی بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد و ٥٠٠ ملیۆن تمەن لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز ئازادکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە پێنجی گەلاوێژی ١٤٠٤، فەرزانە ڕەشیدی تەمەن ٢٦ ساڵ و خوێندکاری زانکۆی پەیامنور لە شاری بانە، پاش دوو مانگ لە دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد و ٥٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی و تا کۆتاییهاتنی پرۆسەی لێپرسینەوەکەی لە زیندانی ناوەندی سەقز ئازادکرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، فەرزانە ڕەشیدی لە سەرەتاکانی پووشپەڕی ١٤٠٤ لە گرتووخانەیەکی ئەمنی لە شاری بانە، بۆ زیندانی ناوەندی سەقز و هاوژینەکەی سامان کەریمی بۆ زیندانی ناوەندی بانە گواسترابوونەوە.
ڕۆژی یەکشەممە چواری جۆزەردانی ١٤٠٤، سامان کەریمی و هاوژینەکەی فەرزانە ڕەشیدی لەلایەن هێزەکانی ئەمنی شاری بانە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوونەوە. هێزەکانی ڕژیم لەسەرەتادا سامان کەریمی لە شەقامێکی شاری بانە دەستبەسەرکردووە و دواتر هێرشیان کردە سەر ماڵی بنەماڵەی ناوبراو، فەرزانە ڕەشیدی هاوژینی ناوبراویان دەستبەسەرکردووە.
ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیاندا لە بینینی پارێزەر و بنەماڵەیان بێبەشبوون.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

