ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، “غەفار شەریفی” کۆلبەری دانیشتووی شاری مەریوان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە نەواری سنووری “ساوجی”ی مەریوان برینداربوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆلبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، کۆلبەرێکی دانیشتووی شاری مەریوان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە نەواری سنووری “ساوجی”ی مەریوان، قاچی برینداربوو. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “غەفار شەریفی”، خاوەنی دوو منداڵە و خەڵکی گوندی میانە سەر بە شاری مەریوان ڕاگەیاندراوە.
ناوبراو بۆ نەشتەرگەری بۆ نەخۆشخانەی فەجری مەریوان گواستراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم کۆڵبەرە ئێستا لەژێر چاودێریی هێزەکانی پۆلیسی مەریواندایە و بنەماڵەکەی ئاگادارکراونەتەوە کە ئەگەر تا سبەی کەفالەتیان بۆ دابین نەکەن، ئەم کۆڵبەرە دوای نەشتەرگەری بۆ زیندان دەگوازرێتەوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١۴٠٢دا لە کۆلبەر نیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٨۵ کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان ڕێگاکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون. لەم کۆی گشتییە، ١٣ کۆلبەر (١۵%) کوژراون و ۷۲ کۆلبەر (٨۵%) بریندار بوون.
لە کۆی گشتی ئەو ۸۵ کۆلبەرەی کە کوژراون و بریندار بوون، ۷۷ حاڵەت (۹۱%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.