
لەگەڵ تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنی «ئیسماعیل کەریمی»، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «شوورجە» و دانیشتووی بۆکان، ناوبراو هێشتا لە دۆخێکی نادیاردا لە بەندیخانەی ئەو شارەدا ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەم هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەستبەسەر کراوە و دوای کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە بۆ بەندیخانەی بۆکان گوازراوەتەوە. ئیسماعیل کەریمی لە تەواوی ماوەی دەستبەسەریدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە و ئەم بابەتە نیگەرانییەکان دەربارەی دۆخی یاسایی و بارودۆخی ڕاگرتنی زیاتر کردووە.
ئیسماعیل کەریمی پێشتریش لە گەلاوێژی ١٤٠١دا، بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە؛ تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ڕوون دەربارەی هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون، بڵاو نەکراوەتەوە.

