«میلاد ئەتمانی»، گەنجێکی کوردی خەڵکی سەڵماس، یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری تارانە، کە تەرمەکەی دوای ١٢ ڕۆژ رادەستی خێزانەکەی کرایەوە. ناوبراو پێش گیانبەختکردنی لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکاندا بریندار و دەستبەسەر کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، «میلاد ئەتمانی» ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە گەڕەکی پوونکی تاران کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم و دوای برینداربوونی، دەستبەسەرکرا. خێزانی ناوبراو لەم ماوەیەدا سەرەڕای بەدواداچوونە بەردەوامەکان، هیچ زانیاریەکیان دەربارەی دۆخ و شوێنی مانەوەی نەبووە. لە کۆتاییدا، ڕۆژی ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، خێزانی میلاد ئەتمانی بۆ شاری تاران بانگکران و تەرمی ناوبراویان بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی رادەستی ئەوان کردەوە.
هێشتا ڕوون نییە کە مردنی میلاد ئەتمانی ئەنجامی توندی برینەکانی ناشی لە تەقەکردن بووە یان ناوبراو دوای دەستبەسەرکران لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی بەختکردووە.
میلاد ئەتمانی لەگەڵ «دیار پوورچەهریق»،
هاوڵاتییەکی کورد ٣٢ ساڵ خەڵکی گوندی «پتەویر»ی سەر بە سەڵماس، لە هەمان ڕۆژدا کرابووە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان کە «دیار پوورچەهریق » لە یەکسەر گیانی بەختکرد. تا کاتی ڕادەستکردنی تەرمی میلاد ئەتمانی، هیچ زانیارییەکی فەرمی دەربارەی چارەنووسی ناوبراو بڵاونەکرابووەوە.
میلاد ئەتمانی لە ڕەچەڵەکدا خەڵکی گوندی «حەقوەران»ی سەر بە سەڵماس بوو و تەرمی ناوبراو دوای ڕادەستکردن، لەم گوندە بەخاک سپێردرا.

