شاهین مستەفازادە، هاووڵاتیی تەمەن ٣٧ ساڵەی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کراوە و دوای گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار، هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخ و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە یەکەمی ڕەزبەری ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژێم شاهین مستەفازادە، هاووڵاتیی تەمەن ٣٧ ساڵەی خەڵکی مەهابادیان بەبێ بڕیاری دادگا دەستبەسەر کرد.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ڕژێم دوای دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە هێرشیان کردە سەر ماڵی بنەماڵەکەی و وێڕای پشکنینی ماڵەکە، کەلوپەلی کەسیی خێزانەکەیان پشکنیوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی شاهین مستەفازادە دەست نەکەوتووە. هەروەها، هێزەکانی ڕژێم لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
باس لەوە دەکرێت کە ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانیی تا ئێستا لە مافی پارێزەر و هەروەها پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

