بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی ئەستی محەمەدی، دایکی دوو چالاکی سیاسی و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار

«ئەستی محەمەدی»، هاووڵاتییەکی تەمەن ٦٧ ساڵ و دایکی دوو چالاکی سیاسیی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی دووشەممە ٢١ی گوڵانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەستی محەمەدی هاووڵاتیی تەمەن ٦٧ ساڵ، و بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری و بەدەر لە ڕێکارە یاساییەکان، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە. تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی شوێنی ڕاگرتنی، دۆخی تەندروستی، تۆمەتەکانی دژی و یان ئەگەری دەستراگەیشتنی ناوبراو بە پارێزەر و بنەماڵەکەی بڵاونەکراوەتەوە.

بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەستی محەمەدی نەخۆشیی درێژخایەنی هەیە و بەردەوام پێویستی بە دەرمان و چاودێریی پزیشکی هەیە. بەردەوامیی بێ ئاگایی و بێ‌هەواڵی لە دۆخی ئەم ژنە بەساڵاچووە و ئەگەری بێبەشکردنی لە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان، نیگەرانییەکی زۆری لەبارەی تەندروستی و گیانی ناوبراو دروست کردووە.

دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، بەبێ ڕاگەیاندنی تۆمەت و بەبێ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە ڕەخنەی لێ گیراوە. چالاکانی مافی مرۆڤ ئەم جۆرە کارانە وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی گوشاری دەروونی، ترساندن و سنووردارکردنی چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکان هەڵدەسەنگێنن.

هەروەها، بێبەشکردنی دەستبەسەرکراوان، بەتایبەت بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی نەخۆشییان هەیە، لە هەبوونی خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و مافە سەرەتاییە یاساییەکان، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دادەنرێت.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی ئەمیر یووسفی و گواستنەوەی بۆ گرتووخانەی ئەمنیی ورمێ

چ مه 13 , 2026
«ئەمیر یووسفی»، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «سەلامەت»ی سەر بە شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ گواسترایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژیم بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری، ئەمیر یووسفییان لە بۆکان دەستبەسەر کردووە. بەپێی زانیارییە دەستهاتووەکان، ئەم هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکرانی بۆ […]

بابەتی پەیوەندیدار