پێژمان فەخری، هاوڵاتیی ٣٤ ساڵەی یارسان خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شاری کرماشانە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، پێژمان فەخری، هاوڵاتیی یارسان خەڵکی شاری سەحنە لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لە ناوچەی تاق بوستان لە کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆ و کرایە ئامانجی گوللەی جەنگی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامیی و گیانی لەدەستدا. بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەم هاوڵاتییە کوردە کاتێک کرایە ئامانجی تەقەی راستەوخۆ کە هەوڵی دەدا ڕێگر بێت لە ڕفاندنی تەرمی یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییەکانی سەر شەقام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە. هێزە سەرکوتگەرەکان لە کاتی ئەم کردارەدا، بە تەقەی راستەوخۆی گوللەی جەنگی بۆ سەری، ناوبراویان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کردە ئامانج و کوشتیان.
پێژمان فەخری خێزاندار و منداڵێکی بچووکی پێنج ساڵەی لە دوای خۆی لێ ماوەتەوە.

